مەسرور بارزانی لە ساڵیادی راپەرین: یەکگرتوویی گەورەترین سەرمایەمانە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بەبۆنەی 35مین ساڵیادی راپەڕینی ئاداری 1991ـی گەلی کوردستان بڵاوکردەوە. تێیدا پیرۆزبایی ساڵیادی راپەڕین لە خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە و بنەماڵەی شەهیدان دەکات و دەڵێت، “راپەڕین یەکێکە لە شکۆدارترین دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان و لە سایەی خەبات و قوربانیدانی خەڵک، ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان خاوەنی قەوارە و دامەزراوەی فەرمی و شەرعییە”.

دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی کوردستان:

لە (35)ــەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی مەزن و شکۆداری 1991ی خەڵکی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت کوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربڵندی شەهیدان دەکەم.

ڕاپەڕین یەکێکە لە شکۆدارترین دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان، کە بەرهەمی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بوو. لە سایەی ڕاپەڕین و خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی خەڵکی کوردستان، ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان خاوەنی قەوارە و دامەزراوە فەرمی و شەرعییەکانە، كە پێویستە بە هەموو شێوەیەک، پارێزگارییان لێ بکەین و زیاتر پەرەیان پێ بدەین.

لەم یادە شکۆدارەدا، جەخت لەوە دەکەینەوە، کە یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان، گەورەترین و بەهێزترین سەرمایەمانە و وەک چۆن لە سایەی یەکگرتووییی گەلی کوردستان، ڕاپەڕینی ئاداری 1991 سەرکەوت و بە ئەنجام گەیشت و دەستکەوتەکانی ئەمڕۆی لێ بەرهەم هات، لەم ساتەوەختەی ئەمڕۆشدا، پێویستە خەڵکی کوردستان، زیاتر لە هەر کاتێک، پارێزگاری و داکۆکی لە دەستکەوتە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی بکات، لەپێناو داهاتوویەکی باشتر و پێشکەوتووتردا.

بەرز و شکۆدار بێت یادی ڕاپەڕینی مێژووییی 1991. سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان. خودای مەزن کوردستان بپارێزێت.

مەسرور بارزانی  سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان  2026/3/5

Back to top button