حکومەتی کوردستان ساڵانە بە تێچووی 440 ملیار دینار ڕۆژانە 350 لیتر ئاوی پاک بۆ هەر تاکێک دابین دەکات

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تێچووی ساڵانەی 440 ملیار دینار ڕۆژانە 350 لیتر ئاوی پاک بۆ هەر تاکێک دابین دەکات لەکاتێکدا پێویستی ڕاستەقینەی هەر تاکێک تەنیا 181 لیترە لە ڕۆژێکدا.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک داتای لەبارەی ئاسایشی ئاو لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە، بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە “ئاوی شیرین” بۆ تاک، هەرێمی کوردستان لە پێشەوەی وڵاتانی تورکیا، سعوودیە، لوبنان، میسر، سووریا و ئوردنە و لە هەموو ئەم ووڵاتانە بڕی دابینکردنی ئاو لە نێوان 80 بۆ 200 لیتردایە بۆ ڕۆژێک بەڵام لە کوردستان 150 لیتر زیاترە، بەردەوامی هەنگاو و پڕۆژەکانی ئاویش دۆخەکە بەرەو باشتر دەبەن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە چواچێوەی خزمەتگوزاریی “خزمەتی هەواڵ” لە ڕاپۆرتێکی وردداو بە پشتبەستن بە ئاماری فەرمی؛ دووپاتی کردەوە، ژێرخانی ئاو لە هەرێمی کوردستان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و کێشەی دەیان ساڵەی کەمئاوی لە چەندین شار و ناوچە کۆتایی هاتووە.

ئاماژەی بەوە دا، ئێستا 25 وێستگەی پاڵاوتن، 4946 بیر و 536 کانی لە سەرتاسەری کوردستاندا بوونیان هەیە. لەرێگەی ئەم سەرچاوانەوە رۆژانە 2.5 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی پاک بەرهەم دەهێنرێت و بەسەر یەک ملیۆن و 181 هەزار هاوبەشدا دابەش دەکرێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر رۆژانە 480 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەکات و لە ماوەی دوو ساڵدا کێشەی 30 ساڵەی شاری هەولێری بە رێژەی 100% چارەسەر کردووە. هەروەها، پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە رۆژانە 72 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەکات و کێشەی ناوچەکەی بنبڕ کردووە. بۆ پاراستنی ئاوی ژێرزەویش حکومەت هەنگاوی گەورەی ناوە، بە جۆرێک 900 بیری ئاو لە هەولێر و 109 بیر لە قوشتەپە کوژێنراونەتەوە.

فەرمانگەکە ڕوونیشی کردەوە، کارکردن لە پڕۆژەی چەمچەماڵ-گۆپتەپە 31%ی تەواو بووە، پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ 65% و پڕۆژەکانی دەربەندیخان و 51 گوندی سنووری بارزانیش 98%یان تەواو بووە. بۆ داهاتووش پلان دانراوە کار لەسەر هێڵی سێیەمی دووکان-سلێمانی، ڕیسایکلینی ئاوی قورس لە هەولێر و پڕۆژەکانی کۆیە، سۆران و کەلار بکرێت.

سەبارەت بە بەکارهێنانی ئاو، ئەوە خراوەتە روو، هەر تاکێک رۆژانە پێویستی بە 181 لیتر ئاو هەیە، بەڵام حکومەت رۆژانە 350 لیتر دابین دەکات. ئەم رێژەیە بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە زۆر بەرزترە بە جۆرێک لە تورکیا (150 بۆ 200 لیتر)، سووریا (120 بۆ 180 لیتر)، سعوودیە (250 بۆ 300 لیتر)، ئوردن (80 بۆ 120 لیتر)، میسر و لوبنان (130 بۆ 200 لیتر) ئاو بۆ هەر تاکێک دابین دەکرێت.

لە کۆتاییدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاشکرای کرد، تێچووی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ساڵانەی بەرهەمهێنان و دابینکردنی ئاو دەگاتە 500 ملیار دینار. لە بەرانبەردا تەنیا 60 ملیار دینار وەک داهات دەگەڕێتەوە، بەمەش حکومەت ساڵانە بە بڕی 440 ملیار دینار پاڵپشتی دارایی پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکات بۆ مسۆگەرکردنی ئاوی پاک.

Back to top button