
گۆڕانکاری لە 110 کتێبی خوێندن دەکرێت
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەورەترین پڕۆژەی گۆڕانکاری لە پڕۆگرامی خوێندن دەستپێکردووە و، ئەمساڵ 110 کتێب لە هەموو قۆناخەکاندا دەستکاری کراون.
حەسەن سەرتیپ جاف، بەڕێوەبەری گشتی پڕۆگرامی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمساڵ گەورەترین گۆڕانکاری لە پڕۆگرامی خوێندن کراوە کە لە قۆناخی باخچەی ساوایانەوە تا پۆلی 12ی ئامادەیی دەگرێتەوە.
گوتیشی، 12 بابەتی نوێ ئامادە کراون کە لەسەر ئاستی عێراق بە “جوانترین پاکێجی گۆڕانکاری” دادەنرێت.
ئاشکراشی کرد :” تێچووەکە لەنێوان 23 بۆ 25 ملیار دینار دەبێت. کتێبەکان لە چاپخانەی “مەسار” لە وڵاتی ئیمارات چاپ دەکرێن، کە چاپخانەیەکی نێودەوڵەتییە و 19 وڵاتی جیهان کتێبەکانیانی لێ چاپ دەکەن.
باسی لەوەش کرد، کە سەرجەم کتێبەکان دەکرێنە ئەلیکترۆنی و دەخرێنە ناو ئەو “قوتابخانە ئەلیکترۆنییە”ی کە وەزارەتی پەروەردە ئامادەی کردووە. دڵنیاییشی دا کە تاوەکو 15ی ئەیلوول و کاتی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، سەرجەم کتێبەکان لە ناوەندەکانی خوێندن ئامادە دەبن.
بڕیارە تا ساڵی خوێندنی 2028 – 2029 تەواوی پڕۆسەی گۆڕانکاری لە پڕۆگرامەکانی خوێندن کۆتایی بێت.