یەكێتی: لەسەر شوقەكانی ئەلمانیا هاتە دەنگوو نووسراو ئاراستەی حزبەكان دەكات و لەدادگاش یەكڵادەكاتەوە

خواكوڕك 

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 17-5-2017، بەسەرپەرشتی کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سكرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ سلێمانی بەڕێوه‌چوو و پاشان راگەیێندراوێکیان لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیێندراوەکە

یه‌كه‌م: كۆبوونه‌وه‌كه‌ ته‌رخانكرا بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌ندێ كێشه‌، كه‌ رووبه‌رووی ناوخۆی یه‌كێتی بۆته‌وه‌، سه‌ره‌نجام پرۆژه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی مه‌كته‌بی رێكخستن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ناوخۆییه‌كان له‌سه‌ر بنچینه‌ی ژیاندنه‌وه‌ی پره‌نسیپه‌كانی حزبایه‌تی و سزا و پاداشت، تاوتوێ كراو به‌گشتی په‌سه‌ندكرا.

له‌كۆبونه‌وه‌ی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی، كه‌ رۆژی شه‌مه‌ (20/5/2017) ئه‌نجام ده‌درێت گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێ بۆ په‌سه‌ندكردن و دواتریش له‌گه‌ڵ ئۆرگانه‌كانی تریش تاوتوێ ده‌كرێ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ پرۆژه‌ی گشتگیری یه‌كێتی.

دووه‌م: سه‌باره‌ت به‌و قسه‌ و قسه‌لۆكه‌ زیانبه‌خشانه‌ی، كه‌ له‌ماوه‌ی رابردودا هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانی یه‌كێتی له‌راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ كردوویانه‌، جێگری سكرتێری گشتی و ده‌سته‌ی كارگێر و هه‌ڤاڵ هێرۆ راسپێردران راسته‌وخۆ لێكۆلینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، بۆ ساغكردنه‌وه‌ی تۆمه‌ته‌كانیان.

سێه‌م: سه‌باره‌ت به‌هه‌ندێ تاوان و به‌ره‌ڵایی له‌هه‌ندێ ناوچه‌ی كوردستان ئه‌نجام ده‌درێ، كه‌ بووه‌ به‌هۆی نیگه‌رانكردنی خه‌ڵك، بڕیاری پێویست درا بۆ هاوكاریكردنی حكومه‌ت بۆ كۆتایی هێنان به‌و كێشانه‌.

چواره‌م: له‌باره‌ی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی هه‌ندێ په‌رله‌مانتاری كوردستان له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ناوه‌وه‌ی وڵات هه‌ڵیانبه‌ستووه‌، بڕیاردرا نوسراوی ره‌سمی ئاڕاسته‌ی حزبه‌كانیان بكرێ بۆ روونكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێسته‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌ت و قسه‌لۆكانه‌و له‌دادگاش كه‌یسه‌كه‌ ساغ بكرێته‌وه‌.

پێنجه‌م: وه‌ڵامی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌باره‌ی نه‌خشه‌رێگای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان گه‌یشته‌ مه‌كته‌بی سیاسی و بڕیاردرا له‌كۆبوونه‌وه‌ی داهاتوی مه‌كته‌بی سیاسی دا، گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ بكرێ و هه‌ڵبسه‌نگێندرێی.

راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی ی.ن.ك

Back to top button