قائیمقامی چەمچەماڵ وەڵامێكی توندی بەرزان ئەحمەد كوردە دەداتەوە

خواكوڕك
دوای ئەوەی بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە شاری چەمچەماڵ، ڕای دەگەیەنێت، دۆخی ئەمنیی چەمچەماڵ زۆر مەترسیدارە و لە ئێستادا ناوچەكە پێویستی بەوەیە حاڵەتی نائاسایی تێدا رابگەیەندرێت، لەبەرانبەردا قائیمقامی چەمچەماڵ، ڕەتی دەكاتەوە دۆخی ئەمنیی شارەكە تێكچوبێت، وەك خۆی دەڵێت، بەھیچ شێوەیەك دۆخی لەو شێوەیە نییە و دۆخەكەش سەقامگیرە. ئاماژەی بەوەش دا، كە ئەو بەرپڕسەی داوای ڕاگەیاندنی باری نائاسایی چەمچەماڵ دەكات، خۆی لە سلێمانی دوو جار تەقە لە ماڵەكەی كراوە.

بەرزان ئەحمەد كوردە، بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە چەمچەماڵ، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند :” دۆخی ئەمنیی چەمچەماڵ زۆر مەترسیدارە ، ئێستا پێویستی بەوە هەیە باری نائاسایی تێدا رابگەیەندرێت”.

لەبەرامبەریدا ئامانج كەساس جەباری، قائیمقامی چەمچەماڵ لەلێدوانێكدا رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە : ” دۆخی ئەمنی چەمچەماڵ سەقامگیرە، ئەوانەشی ئەو پڕوپاگەندانە بڵاو دەكەنەوە مەبەستیانە ناوی چەمچەماڵ لە كەداربكەن، كە لانكەی خەبات و تێكۆشانە و لەشەڕی داعش سەدان شەھیدی قارەمانی بەخشیوە”.

قائیمقامی چەمچەماڵ گوتیشی: ” بەرزان ئەحمەد كوردە، كاتێك بەو شێوەیە باسی دۆخی چەمچەماڵ دەكات، لەخۆیەوە قسەی كردووە، ئەو كە خۆی بە بەرپرسی یەكێتی دەزانێت، پێویستە لەئاستی كەسایەتی خۆی لێدوان بدات، نەك دوور لە ھەموو ئیتیكێك وەكو كەسێكی ئاسایی لێدوان بدات و ناوی چەمچەماڵ لەكەدار بكات”.

قائیمقامی چەمچەماڵ، ئاماژەی بەوەشكرد، كە خەڵكی چەمچەماڵ پێی ناخۆشە بەوشێوەیە باسی شارەكەیان بكرێت، گوتیشی :” بەرزان ئەحمەد كوردە، خۆی لە سلێمانی، دوو جار تەقە لە ماڵەكەی كراوە و خەڵكی شاری چەمچەماڵیش نییە، كەمترین كاتەكانی خۆی لێرە بەسەر دەبات، ھەروەھا شارەزای سروشتی ئەو سنوورە نییە و لە دەرگای ھیچ ماڵێكی چەمچەماڵی نەداوە، لە ھەفتەیەكیشدا یەك ڕۆژ تا دوو ڕۆژ دەوام دەكات، ئیتر چۆن دەزانێ دۆخی چەمچەماڵ بەو شێوەیە خراپ بووە، ئەگەر مەبەستی ئەوەی نەبێ شارەكە ناشرین بكات”.

Back to top button