محەمەدی حاجی مەحمود : سلێمانی بە گوێی ئەو حزبانە ناكات دەنگ بە بەڵێ‌ دەدات

خواكوڕك
پرسی سازدانی ریفراندۆم لە 25ی ئەیلولی ئەم ساڵ زۆرترین گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت لە لایەن سەركردە سیاسیەكان, لە كاتێكدا كە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی دژ بەم پرسە لە هەوڵی كۆكردنەوەی دەنگی نەخێرن, سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان دەڵێت, لە سلێمانی خەلكی بە قسەی ئەوان نالێن نەخێر.

محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان گوتی:” خەڵكی سلێمانی لە مێژوودا لە پرسی نەتەوەیی و نیشتمانیدا هەمیشە پێشەنگ بوون لە قوربانیدان، ڕۆژی ڕەشی 6ی ئەیلوولی بەردەركی سەرا بۆچی ڕووی دا؟ بۆ ئەوەبوو داوایان لە خەڵكی سلێمانی كرد دەنگ بدات سلێمانی بخەنە سەر عێراق، خەڵكی سلێمانی ڕەتی كردەوە، ئەوەبوو بە توندی وەڵامیان دانەوە و 60 بۆ 70 شەهیدیان بەخشی كە “عەولە سیس” سەرمەشق بوو، بۆیە پێم وایە خەڵكی سلێمانی بە گوێی حزب و شەخس ناكات و بزانە ڕۆژی ڕیفراندۆم چۆن هەموو دەچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و بە “بەڵێ” دەنگ دەدەن، دەبینین دەنگەكانی سلێمانی چەند دەبێت و بەگوێی قسەی كەسانێك كە بەوەكالەت ئیش بۆ حزب و وڵاتێك بكەن و بەشداری ڕیفراندۆم نەكەن.

لەبارەی ئەو لایەنانەی كە مەرجیان بۆ بەشداری لە ڕیفراندۆم هەیە, سكرتێری سۆسیالیس دەلێت:” لەم رۆژانە دكتۆر موكەڕەم تاڵەبانی كە كەسێكی پسپۆڕ و یاساناس و سیاسی و عێراقی و كوردییە و كەسایەتییەكی گەورەیە، گوتی پێویست ناكات پەرلەمان تەداخول بكات لە ڕیفراندۆم، چونكە ڕیفراندۆم لە پەرلەمان گەورەترە و ڕیفراندۆم زیاتر جێبەجێكردنە، ئەوەتا لە بەریتانیا و فینلەند پەرلەمان تەداخولی نەكردووە، لە ڕاستیشدا پەرلەمان دەنگی هەموو میلەت نییە، ڕیفراندۆم دەنگی هەموو تاكێكی میلەتی كورد وەردەگرێت.

هەروەها محەمەدی حاجی مەحمود گوتیشی:” ئەوەی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیی دەبینرێ چینێكی كەمن بەناوی ڕۆشنبیر كە لە ڕاستیدا ڕۆشنبیر نین، چونكە ڕۆشنبیر واتە داهێنەر، لە دنیادا هەمیشە خەڵكی ڕۆشنبیر پشتیوانی دۆزی میلەتەكەی خۆیان كردووە، بەڵام ئەمانە دەگەڕێن بەدوای گوتەی كەسێك لەوپەڕی دنیا كە دژی كوردە یان مەلایەك لە سوودان دەڵێت جیابوونەوەی كورد لە عێراق مەترسییە، دێن قسەی مەلاكە وەردەگێڕن. باشە بۆ باشووری سوودان جیا بووەوە مەترسی نەبوو بۆ سوودان، كەچی سەربەخۆیی كوردستان مەترسی بێت لەسەر سوودان؟، لە كاتێكدا لە یەك كیشوەریش نین و هیچ بەرژەوەندییەك لە نێوان ئەو دوو وڵاتە نییە؟ بۆیە پێم وایە بەڕێژەی 85% خەڵكی كوردستان دەنگ بە “بەڵێ” دەدەن.

Back to top button