كاتی تەسلیم كردنەوەی رۆژئاوای كوردستان بە ئەسەد هاتووە
راپۆرت: رێكان سەباح
رێكەوتنی نێوان پەكەكە و بەشار ئەسەد بە چاودێری ئێران كراوە، لە سەرەتای گرتنە دەستی ئەو شارانە لەلایان پەیەدە، كە چەكدارەكانی لە ” پەژاك و یەژاستار و هەپەگە ” بپێكهاتبوو، تەواوی ئەو شارانەی رۆژئاوای كوردستانیان بەبێ تەقە بۆ چۆڵكرا و هاتنە سەر ماڵێكی ئامادەكراو.
ئەو رێكەوتنە تا چركەساتی نووسینی ئەو راپۆرتە ووردهكاریهكهی به نهێنی ماوهتهوه، تەنها لەنێوان ئێران و سوریا و بەشار ئەسەد و پەكەكە بەدیاری كراوی ” جەمیل بایك و مستەفا قەرەسوو و موراد قەرەیلان و دۆڕانكاڵكان” زانراوه. رۆڵی سەرەكی لەلایان سوریا، درا بە موراد قەرەیلان ، لە ئێرانیش درا بە جەمیل بایك. سەرەتا ناكۆكی لەنێوان موراد قەرەیلان و جەمیل بایك لەسەر رۆژئاوای كوردستان دروست بوو، موراد قەرەیلان پێی وابوو دەكرێت هێزەكانی تریش بخرێتە ناو ئەو رێكەوتنە بۆ رۆژئاوای كوردستان. لەسەرتای چوونی گەریلا بۆ رۆژئاوا، موراد قەرەیلان لێدوانێكی دا، لەو لێدوانەدا گوتی رۆژئاوای كوردستان بەتەنیا هێزێك بەرێوە ناچێت، ئەمە ناكۆكی نێوان ئێران و سوریا بوو لەسەر رۆژئاوای كوردستان. سوریا پێیوابوو دەبێت هەموو هێزەكانی رۆژئاوای كوردستان بخرێتە ناو بازنەی ئەو رێكەوتنە، بەڵام ئێران لەگەڵ ئەو بۆچوونە نەبوو، پێیوابوو كە تەنها پەكەكە سەرداری كوردستانی سوریا بێت، دواجار ئێران قسەكەی خۆی سەپاندوو لەرێگای جەمیل بایكدا ئاراستەی پەكەكەی كرد. رێگای بەرگری كوردی لە رۆژئاوای كوردستان تەنها لەرێگای پەكەكە بەڕەوا نیشاندرا بۆ رۆژئاوای كوردستان ئەمەش جار جار داعشیان بەردا بە بەرۆكی ناوچە كوردستانیەكانی سوریا، بۆ ئەوەی خەڵك بێتە ناو هێزی چەكداری پەیەدە لەسوریا. ئەمەش بوو خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بەناچار و بە رێگای سەربازی ناچاری خرانە ناو بازنەی سەربازی بۆ پەیەدە، بەمەش پەیەدە بەتەنیا دەستی كرد بە پاراستنی رۆژئاوای كوردستان، لە دوو ئامانجی سهرهكی، یەكەم پاراستنی لەدەست ئۆپزسیۆنی كوردی، دووەم ئۆپزسیۆنی سوریا. كە سوریا و ئێران لەهەردوو ئامانجەكەدا لە رێگای پەكەكە و پەیەدە دا لە سوریا سەركەوتنیان بەدەست هێنا، بەڵام یاریەكانی سوریا قوڵتر بوویەوە، بەشێوەیەك لەئاستی سوریا یاریەكان گۆڕانكاری زۆریان بەسەر داهات بەشێوەیەك پەیەدە لەكۆبانێ بەتەواوی كەوتە ناو فاقی داعش و ئەمەش نە ئێران نە سوریا، بەهانای كۆبانێ نەهاتن، تەنها هێزی پێشمەرگە و ئەمریكا بەهانای كۆبانێ چوون.
بەڵام یاریەكان گۆڕان، ئەم گۆڕانكاریە لە یاریەكانی سوریا و بەتایبەتی پەیەدە و ئێران و سوریا، ئاراستەكانی گۆڕی و بەشێوەیەك كە هاوبەشی پەیەدە لەگەڵ ئەمریكا دروست بوو. بەڵام ئەو هاوبەشیە ئاڵۆزە و ئامانجدارەی لەنێو پەیوەندیەكانی پەیەدە و سوریا دا هەبوو، بەشێوەیەك كە پەیەدە لەپێشرەویەكانی بۆ ناوچەكانی تری سوریا وای كردووە كە هەموو هێزەكانی پەیەدە بچێتە ناو سوپای سوریا دیموكرات، كە ئەمریكا سەرپەرشتی دەكات لەدژی داعش. ئەوەی لێرە بۆ ئەمریكا ئامانجە شەڕی داعشە لەسوریا، ئەوەشی بۆ سوریا ئامانجە ئەوەیە پەیەدە بەشداربێت لە شەڕەكانی تری سوریا و لە ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان نەمێنێتەوە، ئەو ناوچانە ئامادە بكات بۆ تەسلیم كردنەوە.
لەم چەند رۆژەی رابردوو بەتەواوی سەرەداوەكان رادەستكردنەوەی رۆژئاوای كوردستان بە رژێمی بەشار ئەسەد دەركەوتوون، كە ئەمەش لە ئۆپەراسیۆنێكی دەستگیر كردنی هێزەكانی رۆژئاوای كوردستان دەستی پێكرد. بەشێوەیەك لە چاڵاكوان و نووسەر و لایانگران و ئەندامان و بەرپرسانی حزبی و سەركردەكانی مەكتەبی سیاسی و تا ئاستی سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی لەسوریا نەوەستا و هەمووی خرایە تۆرێكی رەشبگیری پەیەدە لەرۆژئاوای كوردستان دژی هێززه ئۆپزسیۆنه كوردیهكانی دژ بە بەشار ئەسەد. ئەوەی جێگای سەرسورمانە تەنها ئەو هێزانە بەئامانج گریاون كە هەڵگری ستراتیژی نەتەوەی كوردن و لەناو بزووتنەوەی رزگاری خوازی كوردستان دان و دژی بەشار ئەسەدن.
لەم كاتە پرسیاری ئەوە دروست بوو، ئایا ئەمە پەیوەندی بە دیكتاتۆری و عەقلی ئیدارەدانی پەیەدەوە هەیە؟ بێگومان تەوقیتی دەست پێكردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە دژی هێزە كوردیەكان لە رۆژئاوای كوردستان، تەنها لە تاكرەوەی پەیەدە و عەقلی دیكتاتۆری و پاوەنخوازیەوە نەهاتووە، بەڵكو ئەم ئۆپەراسیۆنە لە دەسگیركردن و شاربەدەر كردنی هێزە سیاسەكانی رۆژئاوای كوردستان، لە ئامانجێكی ترەوە تاودراوە. بەتایبەت دوای ئەوهی خۆپێشاندانە سەرتاسەریەكانی رۆژئاوای كوردستان لە ژێر ترس و تۆقاندنی هێزەكانی ئاسایشی پەیەدە دروست بوو. ئەمەش بوو گۆمانەكانی زیاتر كردوو دەرگای سناریۆیەكی تری كردەوە، ئەویش شەڕی ئامانج دیاریكراو و سیناریۆی نێوان پەیەدە و سوپای بەشار ئەسەده. بەتەواو دۆخەكەی بۆ ئامانجەكە ئاراستە كرد، لەئێستادا تەواو سیناریۆكانی بەشار ئەسەد و پەیەدە بۆ رادەستكردنی پارێزگای حەسەكە بەدەركەوت.
لەئێستادا بەتەواوی ئەم سیناریۆیە دوو رێگای خستۆتە بەردەم خەڵكی پارێزگای حەسەكە، یان بەرەو وێرانی وەك حەڵەب، یان تەسلیم بوونەوە، كە لەسەرەتاوەش پەیەدە ئامانجی ئەوە بوو. بۆیە پرسیار ئەوەیه، خەڵكی رۆژئاوای كوردستان ئامادەیە خۆی رادەستی رژێمی بەشار ئەسەد بكات؟ بێگومان بۆ دەست كەوتنی ئەو پرسارانە پێویستمان بەوەیە بگەڕیێنەوە بۆ دەسەڵاتی پەیەدە و پەیرەوی ئیدارەدانی ئەو شارە لەلایان پەیەدەوە. ئەگەر دیقەت بدەینه دۆخی رۆژئاوای كوردستان و بەتایبەتی پارێزگای حەسەكە دوو وێنەی ئیدارەدانی تێدا نمایش كرا، دەسەڵاتێك لەژێر ناوی كورد ” پەیەدە” دەسەڵاتێكی تریش رژێم. پەیەدە وێنەیەكی زۆر زاڵمانەتری پێشانی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان و پارێزگای حەسەكە دا، بەدهستگیركردن و رفاندن و تۆقاندن و و تیرۆر و بەزۆر داگیركردنی موڵك و ماڵی خەڵكی پارێزگای حەسەكە و بەزۆر بەسەربازكردنی خەڵك، و بەردەوام كردنی سیاسەتەكانی بەشار ئەسەد و بەڵكو خێراتر كردنی تەعریب لەحەسەكە، و راگواستنی بەزۆری خەڵك و ئاوارەكردنیان لەژێر ترس و تۆقاندنی بۆ دەرەوەی رۆژئاوایی كوردستان، هەڵاتن بۆ ناو دەریای ئیجه و مردن نەك مانەوە لەژێر سایەی دەسەڵاتی پەیەدە. ئەمانە هەموو ئەو فاكتانەن كە خەڵك ئامادەی ئەوەی تێدا بێت بچێتەوە ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد نەك لەژێر دەسەڵاتی پەیەدە دا بمێنێتەوە، هەموو ئەمانە وەك بەشێك لەهاوشێوەی سیناریۆی داعش دەچێت كە وا لەخەڵكی سوریا بەگشتی بكات، كە بەناچاری و بەئاواتی گەڕانەوە بێت بۆ ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.
سیناریۆی داعش و پەیەدە لەسوریا سیناریۆی هاوشێوەن بۆ مانەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، لێرەدا رێكەوتنەكانی پەیەدە و پەیوەندی داعش بەسوریا دەردەكەوێت، ئێستا نەك رۆژئاوای كوردستان بەڵكو هەموو سوریا لەژێر دوو رێگا چارەدان، یان بەردەوامی داعش و تووندو تیژی و كوشتارگەی سوریا و تۆقاندن و رفاندن و زیندانی كردن و شاربەدەر كردنی خەڵك لەلایان پەیەدە، یان ههمان ئازارهكان به دهستی بەشار ئەسەد. هەموو خەڵكی سوریا لەنێو ئەو دوو ئیختیارە دایە، بۆیە ئێستا كاتی هەلبژاردنی خەڵكە لەنێوان ئەو دوو ئیختیارە ، بەڵام ئایا ئەوە تاچەند سەردەگرێت و دەچێتە سەر؟ ئایا ئەمریكا وا بەئاسانی لەسوریا دەردەچێت؟ ئایا كاردانەوەكانی خەڵك لەسوریا بەتایبەتی رۆژئاوای كوردستان نیشانەی دژایەتی بەردەوامی رەتكردنەوەی دەسەڵاتی داعش و پەیەدە و بەشار ئەسەد نیە؟ بێگومان لەداهاتوو دا لەوەرزی دورینەوەی سیاسەتەكانی رژێم، ئاماژەكانی بەردەوامی خەبات و لەسەر پێ مانەوەی خەڵكی سوریا دژی بەشار ئەسەد دەبینرێت.
بەڵام ئەوەی لێرەدا شایانی ئاماژە پێدانە ئایا لەنەمانی داعش لە عێراق و سوریا، سیناریۆكان بەرە و كوێ دەچێت؟ ئایا نەمانی داعش بەمانای نەمانی هێزەكانی ناو سیناریۆی بەشار ئەسەد نیە، بەتایبەتی پەیەدە؟ بێگومان شكەستی سیناریۆكانی رژێمی بەشار ئەسەد راستەوخۆ پەیوەندی دەبێت بە شكەستی كۆی ئەو پرۆژانەی كە بەشار ئەسەد وەك بەدیلێكی بوونی خۆی لەسوریا خستە بەردەم خەڵكی سوریا، بەرۆژئاوای كوردستانیشەوە. شكەست هێنانی ئەو پرۆژەیە، كۆتایی به بوونی داعش و پەیەدە دێنێت.
ئەوەی سەیرە ئێستا ئەمریكا سیناریۆكانی سوریا رووبەروی یەكتر دەكاتەوە، بەشار ئەسەدیش بەرژەوەندی لەو یاریەی ئەمریكا دا دۆزیەوتەوە ئەوەیش ساخ كردنەوە و دەستپێكردنەوەی ئامانجی پشتی سیناریۆكانی دەسەڵاتداری پەیەدە و داعش لەسەر خەڵكی سوریا، خهیاراتی بەردەم خەڵكی سوریا بۆ ئەوەی وێرانكاری بەردەوام و گەرانەوەی دەسەڵاتی خۆی پێشان بدات. ناوی سوریا لەپشتی ئەو سیناریۆیانە دێت بەمانی بچووكەكە ناخرێتە روو كە تەنها لە سوریادا قەتیس بێت، بەو واتاییە كە سوریا و هاوپەیمانانی، وەك رووسیا و ئێران وەك دەوڵەت و حزب للە پەیەدە و داعشیش وەك رێكخراوی پاراستنی سیاسەتی مانەوەی سوریا. ئێستا رووسیا لەپەنای دژایەتی داعش و شەڕ دژی داعش لەتەك هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەركردایەتی ئەمریكایه، ئەویش شەڕی ئۆپزسیۆنی سوریا و سوپای ئازاد دەكات. ئەمریكا و روسیا، ئەم دوو شەڕە لەسوریا تەواو لەیەك كاتدا دەكرێت جیاوازن. رووسیا دەیەوێت لەگەڵ كۆتای داعش كۆتای ئۆپزسیۆنی سوریا و سوپای ئازادیش بێت. ئەمریكاش لەرێگای پەیەدە و هێزی ئاسمانی هێرشی تووند دەكاتە سەر داعش، ئامانجەكانی ئەمریكا كۆتایی هێنانی سیناریۆكانە كە تەنها لەسوریا و عێراق دا نەماوەتەوە، بەڵكو بۆتە مەترسی لەسەر هەموو جیهان بەتایبەتی ئەوروپا.
ئێستا رووسیا و ئێران و حزب للە و سوپای سوریا هەندێك جاریش داعش و پەیەدە، هێرشی تووند دەكەن سەر سوپای ئازاد. هەموو ئەو دەوڵەت و گروپانە پەلاماری سوپای ئازاد دەدەن لەسوریا، لەهەمان كاتیش ئەمریكا تەنها داعشی بە دوژمنی سەرەكی خۆی دەبینێت. بەڵام لەبنەرەتدا كۆتایی داعش یەكڵابوونەوەی دۆخی سوریا و كۆتایی رژێمە مردووەكەیە بەشار ئەسەدە. بۆیە بەهەموو ئاراستەكان بوونی ئامانجی رووسیا و ئەمریكا لەسوریا، تەواو یەكڵابووتەوە، ئەویش دابەشكردنی خاكی سوریایە. ئێستاش بەشێوەیەك ئاماژەكانی ئەو لێك تێگەیشتنە خەریكە دروست دەبێت، لەنێوان رووسیا و ئەمریكا، ئەویش بەدابەش بوونی سوریا كۆتای دێت. هەروەك ئێستا لەعێراقیش ئەمە بەتەواوی كۆتایی هاتووە، لەگەڕی جێبەجێ كردن دایە، بۆیە ئەوانەی بەشێكن لەو سیناریۆیانە هیچ چارنووسێكیان نیە، وەك پەیەدە و داعش. چونكە لەكۆتای دا سەرپەرشتیاری سیناریۆكەش چارەنووسی نیە لەداهاتووی سوریا.