بۆ چاودێریی ریفراندۆم تیمێكی نێودەوڵەتیی ئەمەریكی دێتە كوردستان
پرسی سازدانی ریفراندۆم لە ئێستادا زۆرترین قسەو باسی لە بارەوە دەكرێت, كە ووڵاتان جیهان بە شێوەی جیاجیا پێشوازی لەم پرسە دەكەن, سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، لە كۆتایی ئەم مانگەوە، تیمێكی ئەمەریكی لە ئاستی باڵا بۆ پرسی چاودێریكردنی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان، كە وا بڕیارە لە 25/9/2017 ئەنجام بدرێت، دەگاتە كوردستان.
هەندرێن محەمەد، گوتیشی: ”ئەو تیمە لە بواری پڕۆسەی هەڵبژاردن و رێكخراوە دیموكراسییەكاندا كار دەكەن، هەروەها چاودێریی پڕۆسەی ریفراندۆم و هەڵبژاردن و رێكارەكانی پڕۆسەكە دەكەن، هەر بۆیەش ماوەیەك پێش پڕۆسەكە دێنە كوردستان“.
ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن ئاماژەی بەوەش دا، ئەو تیمە باوەڕپێكراوی جیهانییە و لە زۆر وڵاتدا چاودێریی پڕۆسەی ریفراندۆم و هەڵبژاردنیان كردووە، گوتیشی: ”دوای پڕۆسەی ریفراندۆم و هەڵبژاردن، ئەو تیمە راپۆرتی خۆی لەسەر چۆنیەتیی ئەنجامدانی پڕۆسەكە بڵاو دەكاتەوە، كە راپۆرتەكانیان قورسایی نێودەوڵەتییان هەیە، ئەگەر بێت و بە شێوەیەكی ئەرێنی باس لە چۆنیەتیی ئەنجامدانی پڕۆسەكە بكەن، ئەوا راپۆرتەكانیان كاریگەرییان دەبێت بۆ دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە ئەنجامدانی پرۆسەكە، چونكە ئەو تیمە بڕواپێكراوی جیهانین، كە لەو بوارەدا كار دەكەن و پێشتر هەڵسەنگاندن بۆ كارەكانیان كراوە“.
هەندرێن محەمەد جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە، پڕۆسەی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان بە پێوەری نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچێت و پێشبینیی هاتنی تیمی دیكەی وڵاتانی دیكەش دەكەن، گوتی: ”بەپێی ئەو بڕیارانەی بەدەست ئێمە گەیشتوون، لە ئاستی باڵادا تیمی دیكەش لە وڵاتانی جیاجیای ئەوروپایی و جیهانی بۆ چاودێرییكردنی پڕۆسەكە دێنە كوردستان، بەڵام زۆربەیان لە ناوەڕاستی مانگی هەشت و سەرەتای مانگی 9دا، كە پڕۆسەكەی تیادا ئەنجام دەدرێت، دەگەنە كوردستان“.