دوور نیه‌ رێكه‌وتنێكی نوێ له‌نێوان پارتی و گۆڕان بكرێت

به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كانی ده‌ستی خواكوڕك كه‌وتووه‌، گۆڕان له‌ ئاستێكی باڵا پێشوازی له‌ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان، ده‌كات، له‌ئێستاشدا چاوه‌كان كه‌وتوونه‌ته‌ سه‌ر ئه‌م كۆبوونه‌وه‌ چاوه‌روان كراوه‌ی گۆڕان و پارتی، كه‌ به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كان ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ پارتی و گۆڕان رێكه‌وتنێكی نوێ واژوو بكه‌ن، له‌سه‌ر چه‌ندین پرسێك، له‌و باره‌یه‌وه‌، ئەمین بەکر، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق کە هاوکات ھەڵسووڕاوی بزووتنەوەکەیە، له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌شلێـ” چاوەڕوان دەکرێت لەکاتێکی نزیکدا گۆڕان و پارتی کۆببنەوە، وادەی کۆبوونەوەکەش بۆ شاندی پارتی دەگەڕێتەوە، گوتیشی کە ئەگەر پارتی بە شاندێکی باڵا سەردانی گۆڕان بکات، ئەوا “بەپێی عورفی دیپلۆماسی، شاندی گۆڕانیش لەئاستێکی باڵا دەبێت، چونکە ھەندێک پرس پێویستی بە یەکلاکردنەوە ھەیە”.

چاودێرێكی سیاسیش پێی له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی پارتی و گۆڕان ده‌لێـ” گرنگە گۆڕان و پارتی وەک ھێزی یەکەم و دووەم پێکەوە کۆبوونەوە بکەن، بەپێی قسە و دەرەنجامەکانی کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، پێدەچێت کۆوبونەوە لە نێوان ھەردوو لایەن بکرێت و رەنگە زەمینەی ئەو کۆبوونەوەیە کرابێت، سەرجەم لایەنەکانیش جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێ پەرلەمان کارا ببێتەوە، کاری لە پێشینەی پەرلەمان ئەوە دەبێت کە ئەو بڕیارەی حزبەکان داویانە بۆ ڕیفراندۆم، بیکاتە یاسا و دواجار دەنگی لەسەر بدرێت”.

هه‌روه‌ها ئاسۆ کەریم ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، ده‌شلێـ”کاری دووەمی پەرلەمان ئەوە دەبێت کە حزبەکانی ناو پەرلەمان پرسەکان چارەسەر بکەن، ئەوەی جێگای دڵخۆشیە کاک نێچیرڤان بارزانی، رای گەیاندووە کە ئەو شاندەی دەچنە لای گۆڕان و ھەموو دەسەڵاتێکیان بۆ ڕێککەوتنی نوێ ھەیە، یان ڕێککەوتن لەسەر چەند خاڵێک، واتە شاندی پارتی شاندی یەکلاکەرەوەیە و بڕیاری زۆری بەدەستە و لایەنی گۆڕانیش لە لێدوانەکانیاندا دیارە حەز بە ھاتنەوە پێشەوە و چارەسەرکردنی گرفتەکان دەکەن و بەتایبەت پرسە نیشتیمانییەکان”.

ئەمین بەکر، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق هه‌روه‌ها باسی لە کۆبوونەوەی نێوان گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و ئاشکرای کرد کە لە ئاستێکی باڵا پێشوازی لە شاندی پارتی دەکەن و ده‌شلێـ”کەشی کۆبوونەوەکان لەسەر یەک شت دەوەستێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە تاچەند پارتی داواکانی بزووتنەوەی گۆڕان جێبەجێ دەکات؟ ئەگەر ئەوە بکرێت، دۆخەکە بەرەو باشتر دەچێت و دواجار دۆخی سیاسیش ئاسایی دەبێتەوە، بەپێچەوانەشەوە دەرئەنجامی نابێت”.

هه‌روه‌ها ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ی گۆڕان له‌باره‌ی ریفراندۆم و هه‌ڵوێستی گۆڕان له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌لێـ”گۆڕان ڕەتی نەکردووەتەوە، بەڵام دواجار جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی دەبێت لەمبارەیەوە بڕیار بدەن”.

Back to top button