گۆڕان داوای كۆبوونەوەی هاوبەشی پێنج حزبەكە دەكات
دوای ئەوەی ئەمڕۆ ھەینی شاندێكی یەكێتی لە گردی زەرگەتە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوە و تیایدا یەكێتی پڕۆژەیەكی داوەتە بزووتنەوەی گۆڕان, ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانیش داوای كۆبوونەوەی هاوبەشی پێنج حزبەكە دەكات بۆ گەیشتن بە ڕێكەوتن.
گوڵستان سەعید ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “پڕۆژەكەی یەكێتی باس لە باشكردنی سیستەمی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران، كاراكردنەوەی پەرلەمان، یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، سندوقی داهاتە نەوتییەكان و دروستكردنی ئەنجومەنێك بۆ ئەو سندوقە دەكات. لەم خاڵانەدا هاوڕاین، بەڵام هیچ میكانیزمێك دیاری نەكراوە بۆ جێبەجێكردنی خاڵەكانی ناو پڕۆژەكە و دەبێت جڤاتی نیشتیمانی كۆبێتەوە و دواتر بڕیار لە میكانیزمێك بدات بۆ چۆنێتی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە”.
ئاماژەی بەوەش كرد “دوای كۆبوونەوەكە یەكێتی پرۆژەیەكی پێداون و خاڵی هاوبەشمان لە پڕۆژەكەدا زۆر بووە. پێویستە هەر پێنج حزبە كوردستانیەكە ڕێك بكەوین و كۆك بین لەسەر ئەوەی بە چ میكانیزمێكی گونجاو پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە”