پەیامێك لە كۆسرەت رەسوڵ: لە بارەی هەنگاوی داهاتووی كوردستان
دوای سەركەوتنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری كوردستان, كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە بۆنەی سەركەوتنی پرۆسەی ریفراندۆمەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە.
لە پەیامەكەدا كۆسرەت رەسوڵ عەلی نووسیویەتی: ئامانجمانە لەگەڵ حكومەتی ناوەند و سەرجەم هێز و لایەنە عێراقییەكان دەست بكەینەوە بە گفتوگۆیەكی جدی و بنیاتنەرانە و لەرێگای لێكتێگەیشتنی هاوبەش چارەسەری گونجاو بۆ پرسە گرنگەكانی نێوانمان و ئایندەی پەیوەندییەكانمان بدۆزینەوە و دوو دراوسێی باش بین. هاوپەیمانی ستراتیژی سەرجەم وڵاتانی دیموكراتخواز بین و بەهەموومان لەبەرەی دیموكراسی دژی تیرۆرستان بوەستینەوه.
دەقی پەیامەكە
كۆسرەت رەسول عەلی پیرۆزبایی سەركەوتنی ریفراندۆمی لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكات
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەكان
جەماوەری خۆڕاگر و بەهەڵوێستی كوردستان
شەرەف و شانازییەكی گەورەبوو بۆ گەلەكەمان كە لەرۆژی ریفراندۆمدا هەموومان پێكەوە بەرەو سندوقەكانی دەنگدان چووین و بە بەڵێ دەنگماندا بۆ سەربەخۆیی كوردستان، بەم هەنگاوەش گەلەكەمان رۆحی شەهیدانیان ئاسوودەكردو بۆ جیهانی دەرەوەشمان سەلماند كە میللەتێكی ئازادیخوازین و دەمانەوێ بە ئاشتی و ئازادی و ئارامی بژین.
لەم رۆژە مێژووییەدا پیرۆزبایی گەرمی خۆم ئاراستەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكەم و دووپاتی دەكەمەوە كە ئیدی دەبێ سەركردایەتی سیاسی كورد بە كۆدەنگی و یەكدەنگی نیشتمانی هەوڵ بۆ هەنگاوەكانی داهاتوو بدات.
جەماوەری خۆڕاگری كوردستان…
لە رۆژی پیرۆزی ریفراندۆمدا هاوكات لە هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستان بە كەركووكی شاری ئاشتی و برایەتی و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەو نەتەوە جیاوازەكان و “سەر”ی كوردستان و سەرجەم ناوچە كوردستانییەكانی ترو كوردانی دەرەوەی وڵات، هاونیشتمانیانمان “بەڵێ”ی سەربەخۆبوونیان هەڵبژاردوو جوانترین و ئاشتیانەترین و دیموكراسیترین پەیامیان ئاراستەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كردو وتیان بەڵێ ئێمە دەمانەوێ ئازادو سەربەخۆ بژین بەبێ هیچ جیاوازییەكی ئایینی، نەتەوەیی و كلتووری، هەربۆیە جارێكی تر پیرۆزبایی گەرمی خۆم ئاراستەی سەرجەم خوشك و برا عەرەبەكان، توركمان و كلد و ئاشوورییەكان دەكەم، كە ئەمڕۆ هاوئاوازی گەلی كورد گوتیان بەڵێ دەمانەوێ بە ئاشتی و ئارامی لەگەڵ خوشك و برا كوردەكانمان بژین.
لێرەوەش دووپاتی دەكەمەوە، كە ئامانجمانە لەگەڵ حكومەتی ناوەند و سەرجەم هێز و لایەنە عێراقییەكان دەست بكەینەوە بە گفتوگۆیەكی جدی و بنیاتنەرانە و لەرێگای لێكتێگەیشتنی هاوبەش چارەسەری گونجاو بۆ پرسە گرنگەكانی نێوانمان و ئایندەی پەیوەندییەكانمان بدۆزینەوە و دوو دراوسێی باش بین. هاوپەیمانی ستراتیژی سەرجەم وڵاتانی دیموكراتخواز بین و بەهەموومان لەبەرەی دیموكراسی دژی تیرۆرستان بوەستینەوە، جەختیش لەوە دەكەمەوە كە دەرگای گفتوگۆمان واڵایە بۆ هەموو لایەك و دەمانەوێ سەرجەم ناكۆكی و جیاوازییەكانمان لەسەر مێزی گفتوگۆ و بە دیالۆگ چارەسەر بكەین.
جارێكی تر پیرۆزبایی خۆم و سەرجەم سەركردایەتی سیاسی كورد ئاراستەی گەلەكەمان دەكەم و لەم رۆژە مێژووییەدا سەری رێز و نەوازش بۆ سەرجەم شەهیدان دادەنوێنین و پێیان دەڵێین كاروانەكە بەردەوامەو تا دوامەنزڵ ناوەستێ.
كۆسرەت رەسول عەلی
كەركووك- كوردستان