ئەبوبەكر بەغدادی پەیامێكی دەنگی بڵاوكردەوە
ئەبوبەكر بەغدادی، خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی بەنێو داعش پەیامێكی دەنگی بڵاوكردەوە و تێدا باسی پێشهاتەكانی ناوچەكەی كرد و لە چەند شوێنێك باسی كورد و هەوڵەكانی بۆ سەربەخۆیی دەكات و دەڵێت: “ترسی گەورەی توركیا ئەوەیە كورد دەوڵەتێك دروستبكات”.
پەیامەكەی ئەبوبەكر بەغدادی لەلایەن دامەزراوەی فورقانەوە بڵاوكراوەتەوە كە یەكێكە لە دامەزراوە میدیاییەكانی داعش كە لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پەیام و گرتە ڤیدیۆییەكانی داعش بڵاودەكاتەوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە شوێن و كاتی تۆمارە دەنگییەكە بدات. لە پەیامەكەیدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوكراوەتەوە بەغدادی گوتی: “هاوپەیمانان، وڵاتانی ئەوروپا، ئێران و عێراق هەموویان یەكدەنگن بۆ دواخستنی هەندێك بابەت (كە پێدەچێت مەبەستی سەربەخۆیی باشووری كوردستان بێت) بۆ ئەوەی هیچ شتێك سەرقاڵیان نەكا بۆ شەڕكردن لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی لە ناوچەكە”.
بەغدادی ئاماژەی بەوەشكرد، ترسی گەورەی توركیا ئەوەیە ، كورد دەوڵەتێك دروستبكات، دواتر ئەو دەوڵەتە لق و پۆپ بهاوێتە نێو خاكەكەی ئەو، چونكە كوردێكی زۆر لە توركیا هەن، بۆیە توركیا هەموو كارێك دەكات بۆ ئەوەی كورد نەبنە خاوەن دەوڵەت. توركیا لە ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆردا دەژی، چونكە كورد دەستیان بە فراوانخوازی كردووە و ئەویش ناچار دەبێت شەڕیان بكات، بۆ ئەوەی كوردانی توركیا داوای سەربەخۆیی نەكەن.
لە درێژەی قسەكانی لە بارەی كوردەوە دەڵێت ”توركیا لە ترسی ئەمریكا و ئەوروپا ناتوانێت شەڕیان بكات، بە پێشبینی توركیا ئەوە شەڕێكی مسۆگەرە، بەڵام دواخراوە”.
بەغدادی باسی سووریا و هاوكێشەكانی ناوچەكان دەكات و دەڵێت: ”ئەمریكا كەوتووەتە ژێر قەرزەوە و رووسیا لاوازبوونی ئەمریكای قۆستووەتەوە و ئێستا ئەو خاوەنی سووریایە، لە بەرامبەریشدا ئێران دەیەوێت هەموو كەنداو داگیر بكات”.
بەغدادی داوا لە سوننەی یەمەن و عێراق و سووریا دەكات بێ دەنگ نەبن لەئاست ئەو تاوانانەی بەرامبەریان دەكرێت و لە كۆتاییدا لە خودا دەپاڕێتەوە هەر ئەمساڵ بتوانن وڵاتی سعودیە فەتح بكەن، تاوەكو بتوانن حەج بكەن.
لە دوای دەركەوتنی لە ساڵی 2014 لە مزگەوتی نووری لە شاری موسڵ، ئەمە دووەمین تۆماری دەنگی بەغدادییە بڵاودەبێتەوە.