بارزانی بۆ باڵیۆزی نوێی یه‌كێتی ئه‌وروپا: به‌بێ مه‌رج ئاماده‌ین قۆناغی دوای ریفراندۆم گفتوگۆ بكه‌ین له‌گه‌ڵ به‌غدا

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یاندراوێكدا رایگه‌یاند” ڕۆژی دووشەممە 9ـی 10ـی 2017 لە سەلاحەددین (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە  (ڕامۆن بلێکوا) باڵیۆزی نوێی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد کە لەبەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفەریقیا لە یەکێتیی ئەورووپا و بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان پێکهاتبوو، هه‌ر له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌”لەسەرەتای دیدارەکەدا باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا کە لەسەرەتای دەستبەکاربوونیدا توانیویەتی سەردانی کوردستان بکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبێتەوە. دواتر سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هاوکاری و هەماهەنگیی بەردەوامی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا و سەرجەم ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییانەش کە لەبواری هاوکاری مرۆیی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، هەڵوێستی گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی لە حەواندنەوەی ئاوارەکان بەرز نرخاند.

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راشی گه‌یاند” هەر لە دیدارەكەدا لەبارەی پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق و ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان و كاردانەوەكان بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا. شاندی یەکێتیی ئەورووپا ئامادەیی خۆیان بۆ ئەوە دەربڕی کە لەچوارچێوەی هەوڵەنێودەوڵەتییەکان بۆ میانگیری و دیالۆگ لەنێوان هەولێر و بەغدا، ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبێت و دەخوازن ئەو قەیرانەی ئێستا هەیە لەڕێگەی دیالۆگ چارەسەر بکرێت.

وه‌ك له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان دا هاتووه‌، لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان هیوای سەرکەوتنی بۆ بەڕێز ڕامۆن بلێکوا لە ئەرکی نوێی خواست. لەبارەی هەوڵی نێودەوڵەتییش بۆ ڕێکخستنی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا، سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە ئێمە بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش ڕامانگەیاند کە دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم ئامادەین بۆ گفتوگۆیەکی کراوە، ئێستاش کوردستان ئامادەیە بۆ دیالۆگ بە ئەجێندایەکی کراوە و بێ هیچ مەرجێک و کاتیش دەدەین بە گفتوگۆ.

Back to top button