به‌غدا ئاماده‌ نه‌بوو مه‌راسیم بۆ ته‌رمه‌كه‌ی مام جه‌لال بكات، به‌رپرسی پرۆتۆكۆڵی كوردستان نهێنیه‌كان ئاشكرا ده‌كات

له‌ دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی رووداو به‌رپرسی پرۆتۆكۆڵی كوردستان له‌باره‌ی مه‌راسیمی ته‌رمی سه‌رۆك مام جه‌لال و ره‌خنه‌كان له‌ ئاڵای كوردستان، چه‌ند نهێنینه‌ك ئاشكرا ده‌كات و رایده‌گه‌ێنێت، من په‌یوه‌ندیم كردووه‌ به‌ به‌رپرسانی به‌غدا له‌باره‌ی هێنانه‌وه‌ی ته‌رمی سه‌رۆك مام جه‌لال بۆ به‌غدا، ده‌لێت به‌غدا ئاماده‌ نه‌بوو مه‌راسیم بۆ ته‌رمی سه‌رۆك مام جه‌لال بكات، ده‌یانویست زۆر به‌ساده‌یی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ته‌رمی مام جه‌لال بكه‌ن له‌به‌غدا، ئاماده‌ نه‌بوون به‌راسیمی بۆ بكه‌ن بۆیه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان ئێمه‌ی راسپارد به‌ سازدانی به‌شكۆترین مه‌راسیم بۆ هێنانه‌وه‌ی ته‌رمی سه‌رۆك مام جه‌لال”.

شێرزاد ئازاد سوڵتان، بەرپرسی پرۆتۆكۆلی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وەڵامی ئەو هەڵمەتە میدیاییەدا به‌ كه‌ناڵه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌” لەگەڵ پرۆتۆكۆڵی سەرۆكایەتی كۆمار و سەرۆكوەزیرانی عێراق قسەم كرد، هیچ بەرنامەیەكیان بۆ پێشوازی لە تەرمی سەرۆك مام جەلال لە بەغدا نەبوو، تەنانەت جوانە خان، كچی سەرۆك كۆماری  عێراق پێیگوتم كە لێرە هیچ بەرنامەیەك نییە و جەماعەتی نووسینگەی عەبادیش گوتیان ئێمە دەچینە فەرەنسا، هیچ بەرنامەمان نییە بۆ پێشوازی لە تەرمی مام جەلال، بۆیە كاك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئێمەی راسپارد مەراسێمكی شكۆدار بۆ سەرۆك مام جەلال رێكبخەین، هه‌روه‌ها ده‌شلێـ” هەریەك لە د.فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، د.خەسرۆ گوڵ، جێگری راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئاگاداری چۆنیەتی رێكخستنی مەراسیمەكە بوون و دەڵێ “هیچ كارێكمان بەبێ پرس و راوێژ نەكردووە، برادەرانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاگادارن. بەپێی پرۆتۆكۆل ئەگەر تەرمی سەرۆك مام جەلال بچووبایە بەغدا، دەبوو ئاڵای عێراقی لەسەر بووایە، بەڵام لەوێ مەراسیم نەكرا، بۆیە تەنیا ئاڵای كوردستانمان دانا، ئەوان ئامادە نەبن لە بەرامبەر ئەو خزمەتە گەورەیەی سەرۆك مام جەلال بە عێراقی كرد مەراسیمێك بۆ ئەو پیاوە بكەن، بۆ گلەیی لە دانەنانی ئاڵای عێراق دەكەن؟”.

هه‌روه‌ها شێرزاد سوڵتان روونیكردەوە نەدەبوو دوو ئاڵا لەسەر تەرمی مام جەلال دابنرێ‌ “ئەگەر مەراسیمەكە لە بەغدا بكرابایە دەبوو تەنیا ئاڵای عێراق بێت، بەڵام ئەوان مەراسیمەكەیان نەكرد، بۆیە رەخنەكانیان لە شكۆی ئەو مەراسیمەی سەرۆك مام جەلال كەم ناكاتەوە كە بە شایەتی زۆربەی بەرپرسان و خەڵك و كادیرانی خودی یەكێتی، كارێكی نایاب و جوانمان كرد”.

له‌باره‌ی ره‌خنه‌كانی ئاڵا تاڵه‌بانی په‌رله‌مانتاری نزیك له‌ مالیكی و توره‌ بوونی له‌ دانانی ئاڵای كوردستان و كه‌ گوتبووی كه‌ ئێمه‌ ئاڵای عێراقمان دابووه‌ تیمی پرۆتۆكۆڵ  شێرزاد سوڵتان دەڵێ “هەموو كارەكان بە راوێژ و ئاگاداریی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كراوە، ئێمە كارەكانمان بەپێی پرۆتۆكۆڵ كردووە. سەبارەت بە ئاڵاكەش شەوی گەڕانەوەی تەرمی سەرۆك مام جەلال لە سلێمانی ئاڵای كوردستانمان ئامادە كرد، لە كاتی هێنانە خوارەوەی تەرمەكە ئاڵاكەمان دانا، كەسیش ئاڵای عێراقی نەداوەتە ئێمە، ئەو بابەتەش پەیوەندی بەوەوە نییە ئاڵای عێراق هەبووە یان نا، بەڵكو وەكو گوتم مەراسیمەكە لە كوردستان بووە نەك لە بەغدا، بۆیە تەنیا ئاڵای كوردستانمان دانا، جگە لەوە ئۆتۆمبێلی تایبەتی گواستنەوەی تەرمەكە بۆ مزگەوتی گەورە ئاڵای كوردستان و عێراقی پێوە بوو. جگە لەوەش سروودی نیشتمانیی عێراق لێدرا، ئەمانە هەمووی بەڵگەن كە دانەنانی ئاڵای عێراق بە مەبەست و بەرنامە نەبووە”.
دوای مەراسیمەكە، چەند بەرپرسێكی عێراقی رایانگەیاند كە بەهۆی نەبوونی ئاڵای عێراق مەراسیمەكەیان جێهێشتووە، بەڵام شێرزاد ئازاد سوڵتان ئەو زانیاریانە رەتدەكاتەوە و دەڵێ “هیچ بەرپرسێكی عێراقی مەراسیمەكەی جێنەهێشت، بەڵكو دوای بردنی تەرمی سەرۆك مام جەلال بۆ مزگەوتی گەورە و تەواوبوونی مەراسیمەكە ئینجا رۆیشتن و لە میدیاكاندا وایان بڵاوكردەوە كە بایكۆتیان كردووە، بەرپرسی پرۆتۆكۆلی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوە رووندەكاتەوە كە 100 پاسەوانی شەرەفی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ 40 كەس لە تیمی هونەری و مارشی وەزارەتی پێشمەرگە لە ماوەیەكی كەمدا مەشق و راهێنانیان بۆ ئەو مەراسیمە كردووە و دەڵێ “ئێمە بە ماوەیەكی زۆر كەم كارێكی گەورەمان كرد، ئەو مەراسیمە ئەنجامدرا، دڵنیام لە وڵاتانی دیكەی دەوروبەرمان شتی لەم جۆرە ناكرێت”.

لە كاتی دانانی تاجەگوڵینەی میوان و دۆستەكانی تاڵەبانی لەسەر تەرمەكەی، محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران پێش دۆگڵاس سلێمان باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق تاجەگوڵینەی لەسەر تەرمی تاڵەبانی دانا، ئەمەش خوێندنەوەی جیاوازی بۆ كرا. شێرزاد ئازاد سوڵتان گوتی “بەپێی پرۆتۆكۆل پۆستی وەزیری دەرەوە لە باڵیۆز باڵاترە، بۆیە وەزیری دەرەوەی ئێران پێش میوانەكانی دیكە گوڵەكەی دانا”.

تابووتی مام جەلال لە داری گوێز دروستكرابوو. لەسەر داوای تیمی پرۆتۆكۆڵ، لاهوور شێخ جەنگی 21 تۆپی ئامادەكرد و لە مەراسیمی هێنانەوەی تەرمەكەی تاڵەبانیدا 21 گوللە تۆپ تەقێندران، بەرپرسی پرۆتۆكۆلی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ “ئەو 21 تۆپە هێمای ئاشتییە، سەرۆك مام جەلال پیاوێكی ئاشتیخواز و شۆڕشگێڕ بوو، ئەم بیرۆكەیە بۆ سەردەمی كۆن دەگەڕێتەوە كاتێك كەشتییە بازرگانییەكان دەچوونە شارێكی دیكە، بۆ پیشاندانی نیازپاكی و ئاشتی، حەوت تۆپ هەر یەكەیان سێ‌ گوللە تۆپی بە ئاراستەی دەریا دەتەقاند، لە بەرامبەردا خەڵكی شارەكە بە 21 تۆپ وەڵامیان دەدانەوە.

Back to top button