ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی كوردستان ته‌واوی ورده‌كاریه‌كانی شه‌ڕی ئه‌مرۆی پردێ بڵاو ده‌كاته‌وه‌

ده‌قی راگه‌یاندراوه‌كه‌ی ئەنجوومەنی ئاساییشی ھەرێمی كوردستان

 

پێویستە ئێستا كۆمه‌ڵگەی نێودەوڵەتی ھەڵوێستی خۆی نیشانبدات و ئەو ھێرشە دوژمناكارانەیە شەرمەزار بكات

ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، رایده‌گه‌یه‌نێت، هێرشه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به‌ پاڵپشتی ئێران بۆ سه‌ر كوردستان به‌رده‌وامه‌ و پێویسته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بێته‌ ده‌نگ و ئه‌و هێرشانه‌ شه‌رمه‌زار بكات.
له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌ن ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان 244 كه‌وتووه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، بێدەنگی و چاوپۆشی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ورە و ھێزی بە عێراق و وڵاتانی ھاوسێ داوە، كە ھێرش بكەنە سەر كوردستان.
ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:
ئه‌مڕۆ سوپای عێراق و میلیشیا شیعییەكان كە ئێران پاڵپشتیان دەكات و بە چەكی ئەمریكی پڕچه‌ككراون، ھێرشێكیان بۆ سەر ھێزەكانی پێشمەرگە لەسەر رێگەی كەركووك و هه‌ردوو قۆڵه‌كه‌ی ئاڵتون كوپری دەستپێكرد، كە بە پردێ ناسراوە، لە رۆژئاوای رێگەی دوبز-ھەولێر و لە رۆژھەڵاتیش لە نزیك گوندی قەرەباغ. ئامانجی ئەو ھێزانە چوونەناوەوەی قوشتەپە بووە لە باشووری ھەولێر.
ھێزەكانی پێشمەرگە ئازایانە پارێزگاریان لە كوردستان كرد لەبەرامبەر ھێرشەكان، راپۆرتە سەرەتاییەكانمان ئەوە دەردەخەن كە 10 ھەمڤی ئەمریكی و 2 تانك و تانكێكی جۆری ئابرامز ئێم وەن، تێكشكێندراون.
ئەو چەكانە بۆ ئەو ئامانجە بە ھێزەكانی عێراق درابوون تا لە دژی داعش بەكاریانبھێنن، كەچی ئێستا لەلایەن ھێزەكانی عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە دژی خەڵكی كوردستان بەكاردێن.
ھێرشەكە بەشێكە لە ھێرشە بەرفراوانەكەی سەر كەركووك كە لە 16 تشرینی یەكەم دەستیپێكرد، تەنھا لە 5 رۆژی رابردوو ھێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی 3 لە ئارامترین پارێزگاكانی عێراقییان ناسەقامگیر كردووە، لانیكەم تا ئێستا 100.000 ھاووڵاتی ئاوارەی ھەولێر و سلێمانی بوون و پێویستیان بە خۆراك و شوێنی مانەوە ھەیە.
میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەستدرێژیان كردووه‌تە سەر ماڵ و حاڵی ھاووڵاتیانی كورد و توركمان و كەلوپەلەكانییان بردوون، لە ھەر یەكە لە شارەكانی كەركووك، دوزخورماتوو و خانەقین، كه‌ ترس و دڵەراوكێیان لەناو ھاووڵاتییان بڵاوكردووه‌تەوە.
لە خانەقین، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی خۆپێشاندەرانیان گوللـەباران كردووە و كە داوایان لەو میلیشیایانە دەكرد، خاكی كوردستان بەجێ بھێڵن، له‌ ئه‌نجامدا ژمارەیەك لەو خۆپێشاندەرانه‌ كوژران و بریندار بوون.
زانیارییەكانمان ئەو پشتڕاست دەكەنەوە، ئەم میلیشیایانەی خوارەوە كە ئێران پاڵپشتیان دەكات لە دژی پێشمەرگە جەنگاون لە شەڕی 16 تشرینی یەكەم، بریتین له‌: عەصائیبی ئەھلول حەق، میلیشاكانی بەدر، كەتائیب حیزبوڵڵا، یەكەكانی عەباس، فەوجی عەلی ئەكبەر، یەكەكانی خۆراسان و بەتالیۆنەكانی ئیمام عەلی.
بێدەنگی و چاوپۆشی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ورە و ھێزی بە عێراق و وڵاتانی ھاوسێ داوە، كە ھێرش بكەنە سەر كوردستان. ئەو سوپایەی كه‌ ئامادەكراوە خەڵكی عێراق بپارێزێت، ئێستا ھێرش دەكاتە سەر خەڵكی كوردستان.
ھێرشە بەردەوامەكانی عێراق وایكردووە مەترسییەكانی رژدتر دەربەكەون لەسەر داھاتووی گەلەكەمان لە عێڕاق، پێویستە ئێستا كۆمه‌ڵگەی نێودەوڵەتی ھەڵوێستی خۆی نیشانبدات و ئەو ھێرشە دوژمناكارانەیە شەرمەزار بكات.
ھێزەكانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن لە پاراستنی خەڵكی كوردستان و بەرژەوەندییەكانیان، داواش لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەكەین بەزووترین كات خواستە دوژمنكارانەكانیان لە دژی گەلی كوردستان راگرن و لە ناوچە داگیركراوەكانیش بكشێنەوە.
ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان

Back to top button