حكومه‌تی هه‌رێم: پێشوازی له‌ به‌یاننامه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌كات

حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە راگەیێندراوەکەی ئەمریکا دەکات و رەزامەندیش دەردەبڕێت بە راگرتنی شەڕ و گرژی بە هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق و هێزی هاوپەیمانان.

دەقی راگەیێندراوەکە

ڕۆژی هەینی 20/10/2017 وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بەیاننامەیەكی بە ناوی حكوومەتی ئەمەریكاوه‌ لەبارەی بارودۆخی ناوچە كێشەلەسەرەكان و گرژی و پێكدادانەكانی نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی لە پردێ بڵاو كردووەتەوە و تیایدا بەمەبەستی ڕاگرتنی گرژییەكان كە چەند ڕۆژی ڕابردوو  لەنێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی عێراقیدا ڕووی داوە، هانی هەردوولا دەدات بكەونە گفتوگۆ.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ناوەڕۆكی بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەكات، هەروەها پێشوازی لە دەستبەجێ ڕاگرتنی گرژی و پێكدادانەكانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی لە ناوچە كێشە لەسەرەكان دەكات و ڕەزامەندیشە كە ڕاگرتنی شەڕ و گرژی بە هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق و هێزی هاوپەیمانان ئەنجام بدرێت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان پێشوازی لە دەستپێكردنی دانوساندن لەگەڵ بەغدا دەكات بە زووترین كات و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی و بەبێ هیچ پێشمەرجێك.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان
20/10/2017

Back to top button