نەتەوە یەكگرتووەكان لە بارەی دۆخی خورماتوو پەیامێكی توند دەداتە بەغدا
دوای تاوانەكانی حەشدی شەعبی دژ بە كورد, تیمێكی نەتەوە یەكگرتووەكان لێكۆڵینەوە دەربارەی راپۆرتی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە خورماتوو دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش نێردەیەكیان بۆ دووەمجار سەردانی ئەو شارە دەكاتەوە. یۆنامی داوا لە بەغدا دەكات دەستبەجێ مەترسییەكان و تووندوتیژییەكانی سەر كورد و توركمان لەو ناوچەیە رابگیرێت.
نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاریكاری عێراق (یۆنامی) رایگەیاند، بڕیارە نێردەیەكی دیكەی یۆنامی لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی چەند ناوچەیەكی دیكەی ئەو شارە بكات، بە مەبەستی لیكۆڵینەوە لەو ناوچانەی كە بەگوێرەی راپۆرتی ئاوارەكانی ئەو شارە پێشێلكاری تێدا كراوە.
یۆنامی نیگەرانی خۆی دەربارەی “هێرشە هەڕەمەكییەكانی” ئەم دواییە دەردەبڕێت كە بوونەتە هۆی “كەوتنەوەی زیانی گەورە بە كەوتنەوەی قوربانی مەدەنیشەوە”.
دەقی راگەیێندراوەكەی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاریكاری عێراق:
یۆنامی لێكۆڵینەوە دەربارەی راپۆرتی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە خورماتوو دەكات
رۆژی 12ی كانوونی یەكەمی 2017 تیمێكی نوسینگەی مافی مرۆڤی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاریكاری عیراق (یۆنامی) لە بەرواری 7ی كانوونی یەكەمی 2017دا سەردانی خورماتوویان لە پارێزگای سەلاحەدین كرد بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لەو راپۆرتانەی كە باس لە رووخاندنی سزائاسای موڵكی دانیشتووانی ئەو شارە دەكات. ئەوانەی كە بەهۆی پێكدادانەكان لەو ناوچەیە لە مانگی تشرینی یەكەمەوە ئاوارەبوون و هەروەها راپۆرتی تۆقاندن وەك رێگرییەك لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بە سەلامەتی.
ئەو سەردانە لە دەرنجامی دووبارەبوونەوەی ئە راپۆرتانە و راپۆرتی دیكە دێت كە هاووڵاتییانی مەدەنی بە شێوەی جیاكاری كراونەتە ئامانج و وەدەرنانی بەزۆر و رووخاندنی موڵك لە پێش 16ی تشرینی یەكەمی 2017 بەشێوەیەكی بەرچاویش لە دوای ئەو بەروارە، كە یۆنامیش لە بەرواری 19ی تشرینی یەكەمدا لە راگەیاندراوێكیدا ئاماژەی پێكردبوو لەنێوان چەند بابەتی تریشدا. لەو راگەیاندراوە و لە كورتە راپۆرتەكەی بەڕێز یان كوبیش، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق، بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك لە بەرواری 22ی تشرینی دووەمدا هاتووە، كە بەگوێرەی راپۆرتەكان بەلانی كەم 150 خانووی توركمان و كوردان سوتێندراون و راپۆرتی دیكەش دەربارەی كردەی تووندوتیژی خراونەتەڕوو. هەروەها نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانی خۆی دەربارەی پێكدادانەكان لەو شارە دەربڕی كە بوونەتە هۆی كەوتنەوەی قوربانی و شەپۆڵێكی تری ئاوارەبوون بەتایبەتی لەنێو دانیشتووە كوردەكان.
لە میانەی سەردانەكەی خورماتوو لە هەفتەی رابردوودا، تیمەكەی یۆنامی سەردانی چەندان ناوچەی شارەكەیان كردووە و كۆبوونەوەیان لەگەڵ ژمارەیەك لە كاربەدەستانی ئەو شارە ئەنجامداوە. بەهەمان شێوە كارمەندانی یۆنامی لە هەولێریش چاویان كەوتووە بە ژمارەیەك لە نوێنەرانی ئاوارەكانی خورماتوو و گوێیان بۆ كارەساتەكانیان لەژێر ركێفی ئەو هێرشانە گرتووە. وابڕیارە نێردەیەكی دیكەی یۆنامی بۆ شاری خورماتوو لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی چەند ناوچەیەكی دیكەی ئەو شارە بكەن بە مەبەستی لیكۆڵینەوە لەو ناوچانەی كە بەگوێرەی راپۆرتی ئاوارەكانی ئەو شارە پێشێلكاری تێدا كراوە.
هەروەها یۆنامی نیگەرانی خۆی دەربارەی هێرشە هەڕەمەكییەكانی ئەم دواییە دەردەبڕێت كە بوونەتە هۆی كەوتنەوەی زیانی گەورە بە كەوتنەوەی قوربانی مەدەنیشەوە لەنێو كۆمەڵگەی توركمانی ئەو شارە و پاشانیش بە كردەی تۆڵەسەندنەوە ئەو هێرشانە وەڵامدراونەتەوە. یۆنامی داوا دەكات دەستبەجێ ئەو كارانە رابگیرێن كە مەترسی دەخەنە سەر ئاسایش و سەلامەتی كۆمەڵگەی كوردی و توركمانی و دانیشتووانی ئەو ناوچەیە.
بەهەمان شێوەش، یۆنامی داوا لە حكومەتی عێراق دەكات بۆ گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێك بۆ كۆتاییهێنان بە تووندوتیژییەكان و پێشێلكاری لە دژی مافەكانی مرۆڤ و چەسپاندنی یاسا و هێنانەدی هێمنی و سەقامگیری لە خورماتوو و ئاسانكاری بكات بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و گێڕانەوەی بارودۆخی ئاسایی ئەو شارە و كۆمەڵگەكەی.