پيلانێكی كوشتنی ئەردۆگان ئاشكرا بوو
دوای ئەوەی سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆگان لە 7/ 12/ 2017 وەك یەكەم سەرۆكی توركیا لە ماوەی 65 ساڵی ڕابردوودا، سەردانی یۆنانی كرد, بە گوێرەی میدیاكانی یۆنان پلانێكی كوشتنی ئەردۆگان ئاشكرا كراوە.
ڕۆژنامەی (تۆ فیما)ی یۆنانی، لەسەر زاری سەرچاوە ئەمنییەكان بڵاوی كردەوە، هێزەكانی پۆلیس 9 ئەندامی ڕێكخراوی ” د ه ك ب ج”یان دەستگیركرد، كە پلانیان دانابوو ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیا، بكوژن.
ڕۆژنامەكە، ڕای گەیاندووە، كە پۆلیس دەستی بەسەر چەند بەڵگەیەكدا گرتووە، لەنێویاندا پلانی كوشتنی “ئەردۆگان” بە مووشەك و نارنجۆك و بوتڵی سووتێنەر هەبووە: “ویستوویانە لەكاتی سەردانەكەی ئەم دواییەی ئەردۆگان بۆ یۆنان، پلانەكەیان جێبەجێ بكەن”.
بەپێی ڕۆژنامەكە، پلانەكە بەشێوەیەك بووە كە لەكاتی تێپەڕبوونی كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی “ئەردۆگان” هێرشەكە ئەنجام بدەن و بە ناوی “دووپشك” ناوزەدیان كردووە.
وەك ڕوونكراوەتەوە، هێرشەكە سەرەتا بە مووشەك دەستی پێدەكرد و لەهەردوولاوە لێی دەدرا، پاشان كۆمەڵەی سێیەم لە پشتەوە هێرشیان دەكردە سەر ئۆتۆمبێلەكەی سەرۆك.