ئەیاد عەلاوی : هۆشداری لەبارەی كەركووك دەدات دەڵێت ئەگەر هەیە دۆخی شارەكە بتەقێتەوە
سەرۆكی هاوپەیمانیی نیشتمانیی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەگەر هەیە دۆخی پارێزگای كەركووك لە هەر ساتێكدا بتەقێتەوە و دەشڵێت ئێمە سوورین لەسەر دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ و دەبێت كورد بگەڕێتەوە، نابێت گەلی كورد سزابدرێت.
(ئەیاد عەللاوی) جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانیی نیشتمانیی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی ریازی سعودی رایگەیاندوە: “عێراق ئەمڕۆ بەدەستی تایەفەگەری سیاسی دەناڵێنێت و پرسی ئاوارەكانیشمان هەیە، ئێستا پرسی ناكۆكی لەگەڵ هەرێمی كوردستانیشی هاتەسەر و ئەگەر هەیە دۆخی پارێزگای كەركووك لە هەر ساتێكدا بتەقێتەوە”.
جێگری سەرۆككۆماری عێراق وتویەتیشی: “ئێمە سوورین لەسەر دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ و دەبێت كورد بگەڕێتەوە، نابێت گەلی كورد سزابدرێت، بەڵكو دەبێت بەتەواوی بدرێتە پاڵ عێراقی یەكگرتوو”.
هەروەها ئاماژەی بەوەش كردوە: “لە ساڵی 2010 لیستی عێراقییە خاوەنی زۆرینەی دەنگ بوو، بەڵام ئێران دژی وەستایەوە و ئەمریكاش پاڵپشتی كرد و رێگەیان نەدا حكومەت پێكبهێنین، ئەگەرنا عێراق لەو دۆخە خراپە رزگاری دەبوو “.