ئه‌مریکا ١٢٠ ڕۆژی بۆ ئێران دیاری کرد

سەرۆکی ئەمەریکا بە فەرمی بڕیاری پابەندبوونی ئەمەریکای بە ڕێککەوتنی چەکی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بۆ ماوەی ١٢٠ ڕۆژی دیکە درێژ کردەوە، ئەمەیش بۆ ئەوە بوو کە وڵاتە ئەوروپاییەکان لەو ١٢٠ ڕۆژەدا گوشار بخەنە سەر ئێران، تا ئەو وڵاتە دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیوم بێت.

ساڵی ٢٠١٥ هەریەک لە وڵاتانی (ڕووسیا، چین، ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا و ئەمەریکا) لە شاری لۆزانی سویسرا لەگەڵ ئێران ڕێککەوتن، کە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بۆ بواری ئاشتی بخرێتە گەڕ و بەو هۆیەشەوە سەرجەم گەمارۆ سەپێندراوەکانی سەر ئێران هەڵدەگیرێن.

دۆناڵد ترامپ ساڵی ٢٠١٧ ڕایگەیاند:” خراپترین ڕێککەوتن کە لە مێژووی ئەمەریکادا کرابێ، ئەو ڕێککەوتنەیە کە ئیدارەی ئۆباما لەگەڵ ئێرانی کردووە، بۆیە ئەو بەڵێنی دایە ئەمەریکاییەکان کە لەو ڕێککەوتنە دەکشێتەوە”.

له‌ هەمانکاتدا دۆناڵد ترامپ سزای زیاتری بەسەر ئێراندا سەپاند و وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای بەسەر ١٤ کاربەدەست و دەزگای پێوەندیدار بە ئێراندا سەپاند، کە سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران و بەڕێوەبەری بەندیخانەی ڕەجائی شەهر، لە نێو ئەو سزادراوانەدا بوون.

سیناتۆری ئه‌مریكی تید کرۆز له‌ پشکی کۆمارییەکان و ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕایگەیاند:” ڕێککەوتنی ئۆباما لەگەڵ ئێران سەبارەت بە مەلەفی ئەتۆمی کارەسات بوو، لەگەڵ ئەوەی ئێران گەشەی بە ئەتۆم دا، هاوکات پارەیشی پێ درا تا ئەو کارە بکات. ئێمەیش ڕێگەیان نادەین دەستیان بەو کارە بگات و ببن بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی”.

لای خۆشیه‌وه‌ لیۆنارد لێنس دەڵێت :” ئەگەر ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، خۆ ئیدی هاوپەیمانانیشمان دەکەونە مەترسییەوە، کە مەبەستی لە فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیایە، بۆیە بە پێویستی زانی کە ئەم سێ وڵاتەش دژی ئێران بوەستنەوە”.

Back to top button