جەهەپە: ئەردۆگان توشی نەخۆشی زمان پیسی بووە هیوای زووچاكبوونەوەی بۆدەخوازین

دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا, لە چەندین كۆبوونەوەی جەماوەری توند بەرامبەر هێزە سیاسیەكانی ناوخۆی وڵاتەكەی و چەكدارانی پەكەكەو فەتح و لاگویلەن و یەپەگە قسەی كرد، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی گەلی كۆماری “جەهەپە” لە پەرلەمانی توركیا دەڵێت، ئەردوغان تووشی نەخۆشی زمانپیسی بووە و داوای زوو چاكبوونەوەی بۆ دەكەم.

ئەنجین ئالتای ، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی گەلی كۆماری “جەهەپە” لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، گوتی: “نەخۆشی زمانپیسی كە ئەردوغان تووشی بووە” نیشانەكانی لەكاتی قسەكردنی‌ كەسی تووشبوودا دەردەكەون، كاتێك زاراوەی چەپەڵ و چڵكن بە شێوەیەكی خۆنەویست لەدەمی دەردەچن.

ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپە جەختی كردەوە، توركیا بە سیناریۆیەكی زۆر مەتریسداردا گوزەر دەكات، چونكە لێدوانەكانی ئەمدواییەی ئەردوغان زەنگی سەرهەڵدانی كێشەگەلێكی مەترسیدار لەسەر یەكێتی نەتەوەییمان لێ دەدات.

هەروەها گوتی: “پارتی گەلی كۆماری” لەسەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی عەفرینەوە، هەمیشە جەختی لەسەر یەكێتی و ئاسایشی نەتەوەیی و پاراستنی سنوور لە سەرجەم هەرەشە تیرۆریستییەكان كردۆتەوه و نزای بۆ سوپای توركیا كردووە. گوتیشی “هۆشدارییەكانمان‌ ئەردوغانیان تووڕە كردووە، نەك هەر ئەمە بەڵكو لێدوانەكانی بینالی یڵدرم، سەرۆكی وەزیرانی توركیاش بوونەتە مایەی بێزاركردنی ئەردوغان، كە جەختی لەسەر یەكگرتنی نێوان حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن و حكومەتی توركیا بەرامبەر بە دۆسیەی عەفرین كردۆتەوە”.

ئالتای باسی ئەوەشیكرد، چەندین جار ئەندامانی جەهەپە هۆشدارییان لەبارەی مامەڵەكردن لەگەڵ سوپای سووریا ئازاد داوەتە دەسەڵاتدارانی توركیا، چونكە وەك خۆی دەڵێت، سوریای ئازاد لە یەك كاتدا لایەنگرانی هەریەك لە سووریا، توركمان و چەكدارانی قاعیدەش لەخۆ دەگرێت و جەختی كردەوە، ئەو هۆشداریدانەیان بە حكومەت بنیاتنەر بوون، بەڵام ئەردوغان خۆی پێ تووڕە كردووە.

ئالتای گوتیشی، ئامانج لەو هۆشداریانە بۆ ئەوەیە توركیا بە وریاییەوە هەنگاو بنێت، تاوەكو هەڵەكانی رابردوو دووبارە نەكاتەوه.

لە چەند رۆژی رابردوودا، رەجەب تەیب ئەردوغان، سەرۆك كۆماری توركیا بەتوندی رەخنەی لەو پەرلەمانتارەی جەهەپە گرتبوو، بەوەی كە ئالتای لە لێدوانێكیدا گوتبووی، “زۆربەی هێزەكانی سوپای سووریای ئازاد لە گروپە جیهادییەكانی سەر بە رێكخراوی قاعیدە پێكهاتووە”. ئەردوغان دەمی رەخنەكانی لەو پەرلەمانتارەی جەهەپەی ئۆپۆزسیۆن كرد و گوتی: “هەندێ كەسی بێ رەوشت هەن، سنووری خۆیان نازانن. ئەندامانی سووریای ئازاد كە بە تیرۆریست ناویان دەبەیت، شانبەشانی سەربازەكانمان كار لەسەر لەناوبردنی تیرۆریستان دەكەن، كە لەلایەن تۆوە داڵدە دراون، لەكاتێكدا تۆ لەسەر جێگا گەرمەكەت پاڵكەوتووی”.

Back to top button