نێچیرڤان بارزانی و دۆگلاس سیلیمان كۆبوونەوە
سەرۆكوەزیرانی كوردستان و باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق لە دیدارێكدا دوایین پێشهاتەكانی نێوان هەولێر و بەغدایان تاوتوێكرد. هەروەها باسیان لە دابینكردنی مووچەی وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندروستی و هەڵگرتنی قەدەخەی گەشتە نێودەوڵەتییەكانی سەر فڕۆكەخاكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوه كردووە.
نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و دۆگلاس سیلیمان ، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، لە هەولێر كۆبوونەوە و لە دیدارەكەدا دوایین پێشهاتەكانی دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەردوولا تاوتوێ كراوە.
بەپێی راگەیێندراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دیدارەكەدا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق ، تیشكیان خستووەتەسەر كاری لیژنە تایبەتەكان بە دابینكردنی مووچەی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەروەها هەڵگرتنی قەدەخەی گەشتە نێودەوڵەتییەكانی سەر فڕۆكەخەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، هەردوولاش هیوایان خواستووە گفتوگۆكان ئەنجامی ئەرێنییان لێ بكەوێتەوە و رێگە بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا خۆش بكرێت.
لە دیدارەكەدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجامدرا نێچیرڤان بارزانی و دۆگلاس سیلیمان باسیان لە بەشداریی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسی ئاوەدانكردنەوەی عێراق كرد كە بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا لە كوەیت ببەسترێت، بەو هیوایەی هەرێمی كوردستانیش لەو دەرفەتە سوودمەند بێت و بتوانێت پشكی خۆی لەو هاوكاری و پڕۆژانە بەدەست بهێنێت كە چاوەڕان دەكرێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق دوای كۆتاییهاتنی شەڕی دژی تیرۆر، ئەنجام بدرێن.
بەپێی راگەیێندراوەكە ، تاوتوێكردنی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و هەرێمی كوردستان ، پرۆسەی سیاسی و دۆخی عێراق و ناوچەكە و قۆناخی دوای كۆتاییهاتنی داعش لە عێراق و سووریا بەگشتی، بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.