پاش تێكشكاندنی ئابلوقه‌ی دبلۆماسی سه‌ر كوردستان فرۆكه‌خانه‌ كرایه‌وه‌ به‌رووی عه‌مره‌كاران

پاش هاتنی هه‌ردوو وه‌زیری به‌رگری و ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئابلوقه‌ی دبلۆماسی و سیاسی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌لایان به‌غداوه‌ خرابووه‌ سه‌ری، شكه‌ستی هێناو له‌ ئێستادا به‌غدا ناچار بوو فرۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكاته‌وه‌، یه‌كه‌م وه‌جبه‌ش به‌ كرانه‌وه‌ی فرۆكه‌خانه‌كان، به‌ چوونی عه‌مره‌كاران ده‌ست پێده‌كات”.

په‌رله‌مانتارێكی كورد له‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌و باره‌یه‌وه‌، رایده‌گه‌ێنێت”حكومه‌تی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە، ھەردوو فرۆكەخانەی ھەولێر و سلێمانی بۆ عەمرەكاران بكرێنەوە و دەتوانن گەشتی راستەوخۆ بۆ سعوودیە ئەنجامبدەن، گووتیشی “ئەم بڕیاره‌ دەرچەیەكی باشە و ھەنگاوی دیكەیشی بەدوادادێت”.

عادل نوری په‌رله‌مانتاری كورد له‌په‌رله‌مانی عێراق هه‌روه‌ها راشی گه‌یاندووه‌” یه‌كه‌م هه‌نگاوی به‌غدا به‌كردنه‌وه‌ی فرۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رووی عه‌مره‌كارانی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ راسته‌وخۆ گه‌شت بكه‌ن بۆ سعودیه‌”.

شایانی باسه‌ ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ پاش 25ی 9ی 2017 واتا رۆژی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم  حكومه‌تی عێراق، وه‌ك سزادانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی به‌ڕووی گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا داخستووه‌و سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌ ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌ڵام هێشتا حكومه‌تی عێراق به‌رده‌وامه‌ له‌ سزادانی هه‌رێمی كوردستان، جگه‌ له‌وه‌ش حكومه‌تی عێراق چه‌ند بڕیارێكی دیكه‌شی وه‌ك سزادانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كرد و به‌ زه‌بری ھێز و به‌هۆی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی یه‌كێتی، كه‌ركووك و خورماتوو و چه‌ندین ناوچه‌ی دیكه‌ی كوردستانی داگیركرد.

 
Back to top button