عه‌لی عه‌ونی :پەکەکە و تورکیا نابێت هه‌رێمی کوردستان بکەنە شوێنی یەکلاکردنەوەی کێشەی خۆیان

پاش ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە 13/2/2018، لە ناوچە سنوورییەکانی شاری ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، پێکدادان لە نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا ڕووی دا. عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: “زۆرجار پەکەکە و پێکھاتەکانی پەکەکە، پارتی بە هێنانی هێزەکانی تورکیا بۆ سنووری پارێزگای دهۆک تۆمەتبار دەکەن، بەڵام لە راستیدا ئەوە رەفتاری پەکەکەیە کە ئەو هێزانەی ھێناوەتە ئەوێ، نەک پارتی، ئێستاش ئەگەر پەکەکە زۆر ئازایە، با دەبابەکانی تورکیا دەربکەن و شەڕی خۆیان ببەنە قوڵایی تورکیا”.

هه‌روه‌ها ( عه‌لی عه‌ونی ) ڕاشیگه‌یاند :” دەبێ شەڕی پەکەکە و تورکیا لە دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان بێت و لە باکووری کوردستان بێت کە پەکەکە بۆی دامەزراوە، چونکە ئێرە مەیدانی ساغکردنەوەی حیساباتی ئەوان نییە، بەڵام ئەو شەڕە بۆ ئەوەیە کە بیانوو بۆ تورکیا دروست بکات تاوەکوو بێتە خاکی هەریمی کوردستانەوە، وەک چۆن پەلاماری عەفرینی لە ڕۆژئاوای کوردستان داوە“.

ڕونیشیكرده‌وه‌ :” ئەو شەڕەی ئێستا لە عەفرین دەکرێت، ئێمە ئیدانەی ھێرشەکانی تورکیا دەکەین، بەڵام ئەگەر پەکەکە وازی لە خەڵکی رۆژئاوا ھێنابوایە، خەڵکی ئەوێ خەباتی خۆیان بکردبوایە، نەک بە بەرزکردنەوەی ئاڵا و دروشمی پەکەکە، ئەوکات تورکیا ئەو بیانووەی نەدەبوو کە ئێستا بەم شێوەیە ھێرش بکاتە سەر عەفرین، لە ئاستی نێودەوڵەتیش زیاتر هێرشەکە پرۆتستۆ دەکرا”.

عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی، ده‌شڵێت: “پەکەکە و تورکیا نابێت باشووری کوردستان بکەنە شوێنی یەکلاکردنەوەی کێشەی خۆیان، ئەگەر پەکەکە راست دەکات”.

Back to top button