ئارێز عەبدولڵا: تەنها كۆسرەت ڕەسول مافی بڕیاردانی هەیە لە نێو یەكێتی وەك جێگری سكرتێر
لەسەرەتای نەخۆشكەوتنی مام جەلال و دوای كۆچی دوای تا دەگات بە ئەمڕۆ یەكێتی لە قەیرانێكی توندی خۆ بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی رێكخستنەكانی دەژیێت بە جۆرێك, لە ئێستادا پەرتەوازەیەكی وا بە نێو ماڵی یەكێتیەوە دیارە كە فرە بڕیاری و فرە لایەنی وای كردووە زۆرێك لە بڕیارەكان تەناها بەشێكی سەركردایەتی ئەو حزبە لێی بە ئاگان, ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئاماژە بەوە دەدات، كە لە دوای كۆچی دوای مام جەلال، كۆسرەت ڕەسول جێی سكرتێری گرتووەتەوە.
ئارێز عەبدولڵا، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانی، ڕایگەیاند: ”پێویستە كۆبوونەوە بۆ كۆنگرە بكەین، كە كەی و چۆن كۆنگرە دەبەستین؟، هەروەها پێویستە بە زووترین كاتیش بكرێ، بەڵام هەندێك كۆسپ هەبووە، ئێستا خەریكی لابردنی ئەو كۆسپانەین، تاكو كۆنگرە ببەستین“.
ئەو سەركردەیەی یەكێتی، ئەوەشی خستە روو، كە ئێستا كۆسرەت رەسول، خاوەنی بڕیارە، بەڵام بریاری گرنگ و چارەنووسساز لەو بابەتانە، پێویستی بە بریاری سەركردایەتییە، هەوروەها بۆ راپەراندنی كاروبارەكان، كۆسرەت رەسول، كەسی یەكەمە و هەر هەڵویست و بڕیارێك هی ئەو بێت، ئەوا هی یەكێتییە.
ئەوەشی روون كردەوە، كە هەرچەندە ئەوان سكرتێریان نییە، بەڵام كۆسرەت رەسول، جێگری سكرتێری گشتییە و هەر كەسێك بیەوێت ئەوا جێگری سكرتێر كەسی یەكەمە“.
لەبارەی ئەوەی تا چەند كۆسرەت ڕەسوڵ، بۆ پۆستی سكرتێری گشتیی یەكێتی پاڵێوراوە، ئارێز عەبدولڵا، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی كوتیشی: ”ئێستا كۆنگرە ناكەین، واتا كاك كۆسرەت خۆی ئامادەیە بیكات یان نە نازانم، بەڵام گرنگ ئەوەیە كە سكرتێر نەما، واتە مام جەلال كە كۆچی دوایی كردووە، كاك كۆسرەت بەفەرمی وەك سكرتێر جێی ئەوی گرتووەتەوە“.