عەبادی پێش نەورۆز موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرین
حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە گوتاری هەفتانەیدا وادەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی ئاشكراكرد و رایگەیاند، بەر لە هاتنی جەژنی نەورۆز مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج دەكەین.
عەبادی گوتیشی: “سیستەمی وەزیفی و لیستی مووچەخۆران لە هەرێمی كوردستان لە سیستەمی زانیاری ناوچەكانی دیكەی عێراق جیاوازە” و گوتی: “هیچ ئامارێكی فەرمی لەبارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەبەردەست نییە، چ لەڕووی ژمارە یاخۆد زانیارییەكان”.
عەبادی لە بەردەوامی گوتارەكەیدا لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە جەختی كردەوە، “هەوڵ دەدەین دوو مووچەیی لە هەرێمی كوردستان نەهێڵین و سیتەمەكەش وەك سیستەمی بەغدا لێدەكەین”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “كوردستان زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە هەناردە دەكات، ئەمەش نزیكەی لە 10%ی نەوتی هەناردەكراوی عێراق پێكدەهێنێت”، دووپاتیشیكردەوە، “حكوومەتی هەرێمی كوردستان خەرجكردنی بەشێك لە مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان لەئەستۆ دەگرێت”.
ماوەی شەش مانگە عەبادی بانگەشە بۆ خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام تائێستا هەموو ئەو بەڵێنانەی لەمبارەیەوە داویەتی، هیچیان نەچوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە.