جبووری بۆ مەعسووم: بودجە بوو بە یاسا, ناتوانی ڤیتۆیی بكەیت
دوای ئەوەی سەرۆك كۆماری عێراق پڕۆژە یاسایی بودجەی رەتكردەوە, بە هۆی بوونی 31 پێشێلكاری دەستوری لە نێو پڕۆژە یاساكە, سەرۆكی پەرلەمان لەو بارەیەوە بە توندی وەڵامی سەرۆك كۆماردەداتەوە دەلێت:” یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2018، یەكلایی بووەتەوە و ڕای دەگەیەنێت، بودجە بوو بە یاسا و جارێكی تر لە دانیشتنەكاندا ناخرێتەڕوو.
سەلیم جبووری، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ڕاگەیاندراوێكدا، كە ئەمڕۆ چوارشەممە 14/ 3/ 2018 بڵاویكردووەتەوە، ڕای گەیاند: “پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2018، بوو بە یاسا و لە پەرلەماندا دەنگی لەسەر درا، هەر تێبینییەكیش لەسەری، دەكرێت لەناو یاساكە بچەسپێندرێت، یان لە دادگای فیدڕاڵی تانەی لێبدرێت”.
ڕوونیشی كردەوە، كە مافی (ڤیتۆ) لە دەستووری عێراقیدا نییە و ناكرێت وەك ڕەتكردنەوەی یاساكان، پشتی پێببەسترێت، هەروەها گوتی: “ئەنجومەنی نوێنەران جارێكی تر یاساكە لە دانیشتنەكانیدا ناخاتەڕوو بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێتەوە، ئەوەی دەنگی لەسەر دراوە دەبێت ڕێكاری یاسایی و ئاسایی خۆی وەربگرێت و لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاو بكرێتەوە”.
ڕۆژی سێ شەممە 13/ 3/ 2018 نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار ئاشكرای كرد، كە فوئاد مەعسووم، بڕیاری دا (پرۆژەی یاسای بودجوی گشتی فیدراڵی كۆماری عیراق بۆ ساڵی ٢٠١٨ی دارایی) بگەڕێنێتەوە كە لە رۆژی 3/ 3/ 2018 ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر دابوو.
نوسینگەی راگەیاندن رونیكردۆتەوە بڕیارەكەی سەرۆك كۆمار بەئامانجی سەرلەنوێ وردبینی كردن و پیاداچوونەوەیە بە ناوەرۆكی یاساكە لەرووی دەستوری و دارایی و یاساییەوە، ئاماژەشی كردووە كە نزیكەی 31 خاڵی یاساكە لەگەڵ یاسا كارپێكراو و پەیڕەوكراوەكاندا ناكۆكە و لەگەڵیاندا ناگونجێت.