سەعدی پیرە هێرش دەكاتە سەر ئاڵا تالەبانی دەلێت خۆكاندیدكردنەكەی كارێكی نەگونجاوە

دوای ئەوەی ئاڵا تالەبانی بڕیاری خۆ كاندید كردنی دا لە سەر لیستێكی عەرەبی, گوتەبێژیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، خۆ كاندیدكردنی ئاڵا تاڵەبانی لەو لیستە عەرەبییەدا ”كارێكی نەگونجاوە“ و پێشتر كارێكی لەم شێوەیە لەنێو یەكێتیدا نەبووە، بۆیە ”یەكێتی بەو كارە ڕازی نەبووە و ڕازیش نابێت“.

سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانی لەبارەی خۆ كاندیدكردنی ئاڵا تاڵەبانی لە لیستی (ھاوپەیمانیی بەغدادییە) ڕایگەیاند: ”بەپێی بڕیار، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی بەبێ ئاگاداریی سەركردایەتی ھەنگاو لەو بارەیەوە نانێت، جا ئەگەر بۆ گرووپی كوردیش بێ، یان غەیرە كوردی بێ، ھەر شتی وا نابێت”.

گوتەبێژی یەكێتی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: “سەركردایەتیی یەكێتی ئاگاداری بابەتی خۆ كاندیدكردنەكە نییە و لەو بارەشەوە كۆبوونەوە نەكرا، ھەروەھا ئەوە بابەتێكە بەرەو ڕووی كارگێڕەكان و سكرتێری گشتی، یا جێگری سكرتێر دەكرێتەوە”.

لەبارەی وەرگرتنی هەڵوێست لە بەرامبەر ئاڵا تاڵەبانی، سەعدی پیرە ئاشكرای كرد، لە كۆبوونەوەی سەركردایەتییدا حەتمەن ئەوە باس دەكرێت، بەڵام لە بابەتی مانەوە و نەمانەوەی لەگەڵ یەكێتی، ئەوا دەبێتە ئیشی كۆنگرە، لەگەڵ ئەوەشدا كۆنگرە ئەوی ھەڵبژاردووە و كۆنگرەش دەتوانێ كۆتایی بە ئەندامێتی و مانەوە، یان نەمانەوەی بدات”.

لە بارەی بۆچوونی لەسەر خۆكاندیدكردنەكەی ئاڵا تاڵەبانی، سەعدی پیرە گوتیش: ”ئەوە شتێكی نەگونجاوە، پێشتریش شتی نەگونجاوی وا لە ناو یەكێتی دا نەبووە، بۆیە ئەوە شتێك نییە یەكێتی ڕازی ببێت لەسەری، ھەروەھا نە ڕازی بووە، نە پێشی ڕازی دەبێت، بەڵام ئێستا تۆ داوای ھەڵوێستێكی فەرمی لەمن دەكەی، ھەڵوێستی فەرمی لە ئەنجامی كۆبوونەوەیەك دێت كە بڕیارێكی فەرمی لێ وەربگیرێت، ئەو كۆبوونەوەیەش نەكراوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەم بابەتە لەو بابەتانە دەبێ كە باس بكرێت“.

سەعدی پیرە نەیشاردەوە كە ”زۆربەی هەرە زۆری كادیرەكانی یەكێتی“ لە خۆكاندیدكردنەكەی ئاڵا تاڵەبانی ناڕازین، چونكە ”ئاڵا كادیرێكی دیاری یەكێتییە و خوشكەزای مام جەلالە”.

لەسەر ئاگاداربوونی بنەماڵەی مام جەلال لەبارەی خۆ كاندیدكردنی ئاڵا تاڵەبانییەوە، سەعدی پیرە دەڵێت: “ھیچ زانییارییەكم لەو بارەیەوە نییە و دەبێ ماڵی مام جەلال خۆیان لەسەر ئەو بابەتە قسە بكەن، ئەوەی پەیوەندی بە یەكێتییەوە ھەیە، من لە برادەرانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و لە جەنابی كۆسرەت ڕەسوڵیشم پرسی، ئەوان ئاگادار نەبوون”.
ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتر ئاڵا تاڵەبانی ئاشكرای كردبوو كە بە ئاگاداریی ماڵی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتیی كۆچكردووی حزبەكەی و سەركردایەتیی یەكێتی، لە بەغدا خۆی كاندید كردووە.

Back to top button