ماڵپه‌ری فه‌رمی هه‌ده‌په‌ چی له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی و فراكسیۆنه‌كه‌ی بڵاوكردۆته‌وه‌

ئه‌مرۆ 7ی 4ی 2018 ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی دیموكراتی گه‌لان( هه‌ده‌په‌) له‌ هه‌واڵێكی دا له‌مه‌ر سه‌ردانی كردنی شاندی پارته‌كه‌ی به‌سه‌رۆكایه‌تی پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە لە پیرمام لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوەتەوە و کۆبوونەوەکەش بۆ ماوەی کاتژمێرێک و نیو بەردەوام بووە”.

هه‌ر له‌باره‌ی شانده‌كه‌ی هه‌ده‌په‌ ماڵپه‌ره‌كه‌ بڵاویشی كردۆته‌وه‌، لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەبارەی یەکێتی نەتەوەیی و یەکڕیزی نێوان لایەنە کوردییەکان و بارودۆخی ناوچەکە کراوە”.

ماڵپه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆك بارزانیش له‌و باره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌”سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی باڵای هەدەپەی كرد و سوپاسی هەڵوێستی ئەو حزبە و كوردانی باكووری كرد. هەروەها ڕۆشنایی خستەسەر وردەكاری ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم و تەئكیدی لەوە كردەوە كە بژاردەی سەرەكیی گەلی كوردستان لە هەموو قۆناغێكدا ئاشتی بووە و هەمیشە شەڕی بەسەردا سەپێندراوە. سەرۆك بارزانی داوایشی كرد كە پێویستە هەموومان لەسەر ڕێگەچارەی واقعیانە و ئاشتیانە بگەینە ئەنجام و لەگەڵ ئەوەیشدا زمانی زۆرداری و چەك و خۆسەپاندن ئەنجامی نابێت.

ماڵپه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆك بارزانی ئه‌وه‌شی بڵاو كردۆته‌وه‌، لە دیدارەكەدا شاندی باڵای هەدەپە سەرەخۆشییان لە سەرۆك بارزانی كرد بەبۆنەی كۆچی دوایی دلۆڤان ئیدریس بارزانی و هاوخەمیی خۆیان بۆ سەرۆك بارزانی دەربڕی. وێڕای ئاماژەدان بە كێشە و تەحەددیاتی بەردەم گەلی كوردستان لە توركیا و عێراق و گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی ڕۆژئاوا و شەڕی عەفرین ئەوەیان خستەڕوو كە دیداریان لەگەڵ سەرۆك بارزانی لەو كات و ساتەدا زۆر مانا دەگەیێنێت. هەروەها ڕۆشناییان خستەسەر ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم و جەختیان لەوە كردەوە كە كێشەكانی بەردەم گەلی كوردستان لە ناوچەكەدا پەیوەستە بە یەكتر و داوای هەماهەنگی و ڕاوێژی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردیان كرد.

هه‌روه‌ها له‌ هه‌واڵه‌كه‌شدا هاتووه‌” لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا شاندی میوان باسیان لە دەرئەنجامی كۆنگرەی حزبەكەیان كرد و كورتەیەكیان لە ڕەوشی سیاسیی توركیا و بارودۆخی هاووڵاتیانی كورد و كار و چالاكییەكانی هەدەپە بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە لەسەر پێشهاتە نوێیەكان و ڕێگەچارەسەرەكان لە پەیوەندی و ڕاوێژی بەردەوامدا بن.

شایانی باسە لەو كۆبوونەوەیەدا ئازاد بەرواری و مەحموود محەمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی و عەلی حوسێن ئەندامی سەركردایەتی و ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارلەمانی كوردستان ئامادە بوون.

Back to top button