یه‌كێتی: هه‌ر ئه‌ندامێكی یه‌كێتی چوبێته‌ ناو گۆڕان یان هاوپه‌یمانی ده‌بێت مولكو مالی یه‌كێتی بگه‌ڕێنێته‌وه‌

بە پێی زانیارییەكانی خواكوڕك، یه‌كێتی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو موڵك و ماڵی حزبه‌كه‌یان سێ‌ لیژنە پێكده‌هێنێت و ئەو ئیمتیازاتانەش دەگرێتەوە كە لە لای بەشێك لە ئەندامانی بزوتنەوەی گۆڕان بوون بەر لە جیابوونەوەیان لە یەكێتیی.

سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی ڕایگەیاند:” بڕیارەكە پەیوەندیی بە هەڵبژاردنەوە نییە، هەندێك موڵكوماڵی یەكێتیی كە لە بەرامبەر پۆست و ئیشوكارەكان دراوە بە ئەندامان، كاتێك لە دەرەوەی یەكێتیی دەبن، مافی یەكێتییە لێیان وەربگرێتەوە.

لای خۆیشیه‌وه‌ ڕەفعەت عەبدوڵڵا، بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی یەكێتیی ده‌لێت:” بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی ئەوانەی ئەندامی یەكێتیین و بۆ لیستی تر كار دەكەن، لە پاش لێكۆڵینەوە لە ڕیزەكانی حزب دەردەكرێن، ئەوانەش كە لە ئاست سەركردایەتیدان تاكو بەستنی كۆنگرە تەجمید دەكرێن، هاوكات لیژنەیەك پێك هاتووە بۆ ئەوەی كە ئیمتیازاتەكانی یەكێتیی لە ئەندامانی پێشوو وەربگرینەوە.

بۆ پشت راستكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كانی خواكورك به‌رپرسی مه‌كته‌بی رێكخستنی یه‌كێتی گووتی :به‌ڵێ ڕاسته‌ سێ نووسراو لە مەكتەبی ڕێكخستنەوە ئاڕاستەی مەكتەبی دارایی گشتی یەكێتیی كراوە كە ناوی (١٦) كەسی تێدایە كە ئەندامی مەكتەب ڕێكخستن تا جێگر مەڵبەندی تێدایە تا موڵكەكانی یەكێتییان لێ وەربگیرێتەوە و لە سەرووی ئەو پلەیەشەوە مەكتەبی سیاسی كاری لەسەر دەكات.

هاوكات ئاری عومەر، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی مەكتەبی دارایی یەكێتیی ڕایگەیاند:” ئەو موڵك و ئیمتیازاتانە زیاتر ئۆتۆمبێلن و خانوو و بیناشیان تێدایە و دوابڕیار لەسەر ئەو پرسە لە دەستی مەكتەبی ڕێكخستن و مەكتەبی سیاسی دەبێت.

هه‌ر به‌ پێی زانیارییه‌كانی خواكوڕك له‌سه‌رچاوه‌ باوه‌ڕپێكراوه‌كانی نزێك له‌ مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ،لیژنەی مەكتەبی سیاسی كار لەسەر سەركردایەتی و ئەندامانی مەكتەب و ئەنجوومەنی مەكتەب دەكات، لیژنەی مەكتەبی ڕێكخستنیش كار لەسەر ئەو كادرانە دەكات كە پلەیان تاكو جێگر مەڵبەندە‌ و لیژنەی سێهەمیش كە داراییە بە پشتبەستن بە نووسراوی هەردوو لیژنەی یەكەم و دووەم كار بۆ وەرگرتنەوەی ئیمتیازاتەكان دەكات.

Back to top button