به‌رپرسی لقی 26ی پارتی له‌ چۆمان : دەنگەکانی پارتی لە باڵەکایەتی جێگیرە و بگرە زیادیش دەبێت

حەسەن حەدۆ، بەرپرسی لقی ٢٦ی چۆمان ڕایگەیاند: “بانگەشەی ھەڵبژاردن لە سنووری باڵەکایەتی بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچێت و ھەموو لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان ئازادن چۆن بانگەشە بۆ خۆیان دەکەن، ئێمەش وەک پارتی بە پێی فەرمانی مەکتەبی سیاسی و ڕێنماییەکانی دەزگای ھەڵبژاردن دەستمان بە بانگەشە کردووە بۆ لیستی ١٨٤ی پارتیمان و ڕۆژانە کاندیدەکانمان لە نێو جەماوەردان بۆ پەیداکردنی دەنگ.”

دەربارەی سووتانی بنکەیەکی گۆڕان بۆ بانگەشە لە ناحیەی حاجی ئومەران، بەرپرسی لقی ٢٦ی چۆمان ده‌لێت: “سووتانی خێمەیەکە نەک بنکەی بانگەشە، دواتر ئێمە پرسیاری ئەوەمان بۆ دروست بووە کە خێمەی بانگەشەی گۆڕان سووتاوە، ئەی خێرە بۆچی ھیچ کەلوپەلێکی نێو خێمەکە نەسووتاوە، لەبەر ئەوە ڕووداوەکە ھیچ پەیوەندییەکی بە پارتییەوە نییە و خەڵکی حاجی ئومەرانیش گەواھی ئەوە دەدەن، دواتر ھیچ دەزگایەکی ئەمنی و حکوومەت لە ھەڵدان و سووتانی خێمەی بزووتنەوەی گۆڕان ئاگادار نەکراوەتەوە، ئێستا دەزگا ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە ڕووداوەکە و ئەنجامەکەیشی ئاشکرا دەکرێت.”

پەیوەست بە هه‌ڵبژاردن ودەنگەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەرپرسی لقی ٢٦ی چۆمان گووتی: “ئێمە لە سنووری باڵەکایەتی دەنگی خۆمان ھەیە و جەماوەری پارتی نەگۆڕە، بەڵام ئێمە دەمانەوێ دەنگی زیاتر بۆ لیستی پارتی کۆ بکرێتەوە، لەبەر ئەوەش ھەموو ھەوڵێک بۆ زیادکردنی ڕێژەی دەنگەکانمان دەدەین لە سنووری قەزای چۆمان و دەڤەری باڵەکایەتی، چونکە پێمان وایە ھەڵبژاردنی ئەم جارە دەبێتە پێوەر بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی کوردستانیش.”

Back to top button