عه‌لی حه‌مه‌ساڵح :له‌چه‌ند ڕۆژی ئاینده‌دا ناسنامه‌ی هێزه‌ میلیشیاكه‌ی یه‌كێتی ئاشكرا ده‌كه‌ین

دوێنێ ئیواره‌ دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان لە پارێزگای سلێمانی، سەرجەم حزبەکان جگە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیان ڕاگەیاند کە ئەنجامەکان ناواقیعین و ساختەکاری لە بەرژەوەندی حزبێک کراوە، بەڵام لە بەرامبەردا ئاڵۆزییەک لە سلێمانی ڕووی دا و بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەی ڕاگەیاند کە هێزێکی سەر بە لاهوور جەنگی، پەلاماری گردی زەرگەتەی گۆڕانیان داوە.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان تایبه‌ت به‌ هێرشه‌كه‌ی دوێنێ شه‌وی یه‌كێتی له‌لایه‌ن لاهور جه‌نگییه‌وه‌ بۆ سه‌ر مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕایگه‌یاند:“ ئەوەی کرا میلیشیاکانی یەکێتی بوون، چونکە ھەموو کەس دەزانیت لە سلێمانی کێ دەسەڵات و ھێزی ھەیە، ئەگەر وانییە بە ئاڵای سەوزەوە بۆ نەگیران؟، لە چەند ڕۆژی ئایندەدا گۆران ناسنامەی ھەموویان ئاشکرا دەکات و دەیاندەینە دادگا، بۆیە ئەمە بەسەریاندا ناچێت“.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆران ڕاشیگه‌یاند:” دوو ھۆکار ھەبووە بۆ ھێرشەکە، یەکەمیان کۆبوونەوەی چوار لایەنەکە لە گردەکە ھەبوو، بۆیە ئەم پەلاماردانە بەشێوەیەک لە شێوەکان دەچێتە چوارچێوەی کودەتاوە، دووەم بۆ ئەوەبوو کە پەلاماری کەناڵی (KNN) و دۆخەکە بدەن، تا فۆکس لەسەر ساختەکارییەکان کەم بێتەوە و ساختەکارییەکانیان بۆ بچێتە سەر”.

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح ده‌ڵێت :”ساخته‌كارییه‌كانی یه‌كێتی له‌ سلێمانی و ناوچه‌ داگیركراوه‌كانیش به‌شێوه‌ی رێكخراو ئه‌نجام دراوه‌و بۆیه‌ سه‌رله‌به‌ری پرۆسه‌كه‌ ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه‌و داوای دوباره‌ ئه‌نجامدانه‌وه‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ داگیراكراوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ده‌كه‌ینه‌وه‌ ،خەڵکی کوردستانیش دڵنیا دەکەینەوە کە بەھیچ شێوەیەک ناچینە ژێر باری ئەمە و بەھیچ شێوەیەکیش ئەمری واقیع قبوڵ ناکەین، چونکە ئەمە ئەمری واقیع نییە و ساختەکارییەکی گەورەی ڕێکخراوە“.

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان ده‌شڵێت:” گۆڕان لە ئاستی ئەمەدا بێدەنگ نابێ و ھێزیکی ترسنۆک نییە و ھێزێکی مەدەنین، خەڵکی سلێمانیش دەنگدەری ئێمەن، بەڵام ئێمە نامانەوێت کە خوێن لە پەنجەی مندالێکیش بێت، بەھۆی ھەڵسوکەوتی چەند شەلاتییەکەوە، بۆیە ئێمە بەدڵنیاییەوە ھەنگاوی دیکەمان دەبێت“.

Back to top button