راگه‌یاندراوێك له‌ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌.

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێك، به‌ بۆنه‌ی 42ه‌مین ساڵیادی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخوار، رایده‌گه‌یه‌نێت، بیره‌وه‌ری (42)ه‌مین ساڵه‌ی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز له‌هه‌لومه‌جێكدایه‌، كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێڕاق و، له‌ گۆڕنانی ئه‌و پیلانگێڕی و خیانه‌ته‌ی به‌رامبه‌ر خه‌ونی گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان و قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئارادابوون.”

 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی:

“به‌یاننامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

به‌بۆنه‌ی (42)ه‌مین ساڵیادی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز

به‌ر له‌ چل و دوو ساڵ رۆڵه‌ خۆراگره‌كانی گه‌له‌كه‌مان به‌ سه‌ركردایه‌تی پارتیمان پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌رۆك بارزانی، بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ و درێژه‌دان به‌ خه‌باتی ره‌وای كورد و شكست هێنان به‌ پیلانی له‌باربردنی شۆڕشی ئه‌یلول، شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخوازیان  هه‌ڵگیرساند،  ئه‌و شۆڕشه‌ی درێژه‌پێده‌ری شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول بوو به‌ سەرۆکایەتی بارزانی نه‌مر، هه‌روه‌ها گیانی یه‌كڕیزیی و هاوسه‌نگه‌ری گه‌لی كوردستانی به‌رجه‌سته‌ كرد تاوه‌كو پێكهێنانی به‌ره‌ی كوردستانی، كه‌ هه‌وێن و داینه‌مۆی راپه‌ڕینه‌ شكۆداره‌كانی ساڵی (1991)بوو.

زنجیره‌ی خه‌باتی چه‌كداری و سیاسی  ئه‌و قافڵه‌ سه‌ركه‌شه‌ هه‌ر له‌ به‌رایی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول و  قۆناغه‌ جیاجیاكانی تێكۆشان داو ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی له‌و كاروانه‌ نه‌پساوه‌یه‌دا به‌دیهاتوون له‌وانه‌ش (رێككه‌وتننامه‌ی 11ئاداری 1970) و راپه‌ڕینه‌كانی (1991)و ئه‌زموونی حوكمرانی هه‌رێمی كوردستان، گه‌واهیده‌ری ئه‌وه‌ن كه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌دیهاتووه‌، به‌رهه‌می كۆڵنه‌دان و به‌رده‌وامیی ئه‌و كاروانه‌یه‌.

كارنامه‌ی شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز به‌بێ جیاوازی له‌ رووی ئیتنی و ئایینی و ئایینزاوه‌ له‌گه‌ڵ قۆناغی ئه‌وسای خه‌باتدا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌واوی گه‌لی كوردستان دا بووه‌. وه‌ك نه‌وایه‌كی ئارام، ئامێزی بۆ ته‌واوی نیشتیمانپه‌روه‌ران ئاوه‌ڵا بووه‌، له‌ هه‌ورازو نشێوی خه‌باتدا سڵی له‌ خیانه‌تكاریی و پیلانگێڕیی دوژمنانی نه‌كردۆته‌وه‌ و به‌رده‌وام خۆڕاگرانه‌  مكوڕ بووه‌ له‌سه‌ر جۆشدان و رابوونی سیاسی و هۆشیاریی، بۆیه‌ شووره‌یه‌كی پۆڵایینی شۆڕشگێریی و كوردایه‌تی ئه‌وتۆی بونیاتنا، كه‌ گیانی هه‌میشه‌یی به‌رخودان و به‌رگریی وه‌به‌ر خه‌ڵكی كوردستان دا بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانی.

بیره‌وه‌ری (42)ه‌مین ساڵه‌ی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز له‌هه‌لومه‌جێكدایه‌، كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێڕاق و، له‌ گۆڕنانی ئه‌و پیلانگێڕی و خیانه‌ته‌ی به‌رامبه‌ر خه‌ونی گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان و قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئارادابوون، به‌ سه‌ركه‌وتنی پارتیمان و به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و متمانه‌ گه‌وره‌یه‌ی جه‌ماوه‌ و خه‌ڵكی كوردستان وه‌كو هێزی داكۆكیكار و یه‌كه‌می هه‌رێمی كوردستان، كۆمه‌ڵێك لوغمی دیكه‌ی به‌رده‌م ئاینده‌ی كوردستان پوچه‌ڵ و هاوكێشه‌كانیش پێچه‌وانه‌ بوونه‌وه‌. پارتی وه‌كو چۆن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا دروشمی (ده‌ستكه‌وتی زیاتر بۆ كوردستان)ی به‌رزكرده‌وه‌، ئێستاش به‌ باوه‌ڕێكی نه‌گۆڕه‌وه‌ له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتی زیاتر و ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان به‌شداره‌ له‌ دانوستاندنه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێڕاقدا. حكومه‌تێك كه‌ له‌سه‌ر پرنسپه‌كانی هاوبه‌شی و ته‌وافوق و هاوسه‌نگی دابمه‌زرێت و حكومه‌تی سه‌رجه‌م پێكهاته‌ سه‌ره‌كیه‌كان و گه‌لانی عێڕاق بێت و كورد پێگه‌ی به‌هێزی تێیدا هه‌بێت. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ هێشتا هه‌رێمی كوردستان كاریگه‌ره‌ نه‌رێنیه‌كان و لێكه‌وته‌كانی په‌لاماری تیرۆرستان و ئابوله‌قه‌دانی پێوه‌دیاره‌ و, به‌ هه‌زار كه‌س له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاواره‌ی هه‌رێم بوون جگه‌ له‌ سه‌دان هه‌زار كه‌سی دیكه‌ی خوشك و برایانی كریستیان و عه‌ره‌بی پارێزگاكانی ناوه‌ڕاستی عێڕاق ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ هاونیشتیمانیانی رۆژئاوای كوردستان، به‌ڵام خاكی كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ په‌ناگه‌یه‌كی ئارام و ئاسووده‌یی بووه‌ بۆ هه‌ر هاووڵاتیه‌كی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و ته‌واوی كوردستانیان له‌ به‌هاناچوون و هاریكاریكردنی ئاواره‌كان و په‌نابه‌ران، درێغیان نه‌كردووه‌، كه‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌ نزیكه‌ی دوو ملیۆن كه‌س.

ئێمه‌ كاتێك زۆر به‌توندی مه‌حكومی سه‌رجه‌م تاوانه‌ نامرۆییه‌كان ده‌كه‌ین، جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی عێڕاق به‌هاوكاری كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی په‌له‌ بكات له‌ گێڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیر و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ زیانپێَكه‌وتوه‌كان و گێڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆسه‌ر ماڵ و زێدی خۆیان و قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی دانیشتوانی سه‌ربه‌رزی كورد له‌ شاری كه‌ركوك و دوز و سه‌رجه‌م ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ به‌هۆی په‌لاماره‌كانی هێزه‌ عێڕاقیه‌كان و حه‌شدی شه‌عبی زیانمه‌ند و ئاواره‌ بوون، هاووڵاتیانیش دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ به‌ هه‌موو هێزو توانایه‌كمانه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بین تا كۆتایی هێنان به‌و كێشه‌ و ده‌رده‌سه‌ریانه‌ و كۆتاییهێنان به‌ داگیركاری.

ئاشكرایه‌ دوای پیلانگێڕیه‌كان، ئه‌مڕۆ هه‌لێكی له‌بار بۆ گه‌لی كورد و پێگه‌ سیاسییه‌كه‌ی ره‌خساوه‌. ئه‌وه‌ش پێویستی به‌ یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی هه‌یه‌. هه‌روه‌ها له‌و قۆناغه‌دا وڵاتانی بڕیاربه‌ده‌ست و نێوه‌نده‌ سیاسیه‌كانی جیهان به‌بایه‌خه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی شه‌رعی و ئه‌زموونی حوكمرانییه‌كی سه‌ركه‌وتوو به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی له‌ شه‌ڕی دژه‌ تیرۆریشدا توانی به‌ هێزی بازووی پێشمه‌رگه‌ دلێره‌كانی و به‌ فه‌رمانده‌یی سه‌رۆك  بارزانی وه‌ك تاكه‌ هێزی سه‌رزه‌مین ئه‌فسانه‌ی داعش تێكبشكێنێ و پاشه‌كشه‌ی پێ بكات. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئه‌مڕۆ هاوسه‌نگی هێزه‌كانیش گۆڕاون. بۆیه‌ رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی عێراق و ناوچه‌كه‌ واقیعێكی تازه‌ی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ كه‌ ئه‌ركی سه‌رشانی لایه‌نه‌سیاسیه‌كان و ته‌واوی رۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌مانه‌ كاربكه‌ن بۆ یه‌كڕیزی و هه‌نگاونان به‌ ئاراسته‌ی به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین ده‌ستكه‌وت بۆ كوردستانیان و ره‌واندنه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كان و سوككردنی باری گرانی سه‌رشانی هاوڵاتیانمان و باشكردنی ژیان و گوزه‌ره‌نیان…

بێگومان ئه‌و ره‌وشه‌ نوێیه‌ و شكاندنی ئابلوقه‌كان و به‌هێزبوونی پێگه‌ی سیاسی هه‌رێم و به‌رقه‌راربوون و سه‌قامگیریی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیمان وه‌ك فاكته‌رێكی كاریگه‌ر له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی رووداوه‌كاندا، ده‌ره‌نجامی خۆڕاگری و سیاسه‌تی راست و دروستی پارتی دیموكراتی كوردستان و سیاسه‌تی حه‌كیمانه‌ و دووربینانه‌و رۆڵی كاریگه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی_یه‌ له‌ هه‌وڵ و كاركردنیدا له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی و جیهان بۆ هاریكاری و هه‌ماهه‌نگی زیاتر بۆ كێشه‌سیاسیه‌كه‌مان و پاڵپشتیكردنی دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان.

له‌و قۆناغه‌ گرنگ و مێژووییه‌ی ئه‌مڕۆماندا، ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موومانه‌، به‌تایبه‌تی حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌ دڵسۆزه‌كانی كوردستان زه‌مینه‌ساز بن بۆ راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌ مێژوویی و چاره‌نوسسازه‌كانی قۆناغه‌كه‌ و مامه‌ڵه‌ی وریایانه‌ له‌گه‌ڵ پێشهات و رووداو و گۆڕانكاریه‌كان چ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی یا هه‌رێمایه‌تی و ناوچه‌یی، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ خۆمان رێكخه‌ینه‌وه‌ و كه‌موكورتییه‌كانمان به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ببه‌ین.  هه‌مومان هاوكاربین بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانی ئابوری و به‌هێزكردنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووریمان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مووچه‌وبودجه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌داهاتوودا بتوانین به‌یه‌ك ده‌نگ بڕیاری چاره‌نووسساز له‌سه‌ر ئاینده‌ی گه‌له‌كه‌مان بده‌ین، له‌و پێناوه‌شدا ده‌بێ هه‌موو هه‌وڵه‌كانمان بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی كورد له‌ عێڕاقدا و به‌ده‌ستهێنانی پاڵپشتی زیاتری كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بێت به‌ره‌و به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانمان.

ئێمه‌ پێمان وابووه‌ و نه‌شمان شاردۆته‌وه‌ كه‌ هۆكاری ئه‌وقه‌یران و شه‌ڕوشۆروكوشتاره‌ی عێڕاقی گرتبۆوه‌ به‌پله‌ی یه‌كه‌م بۆ سیاسه‌ته‌ چه‌وت و ناڕاسته‌كانی نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار و كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا و ره‌تكردنه‌وه‌ی پرنسیپی شه‌راكه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ده‌ره‌نجام بووه‌ هۆی پاشه‌كشه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی و به‌تاڵكردنه‌وه‌ی له‌ناوه‌ڕۆكی دیموكراسییه‌كه‌ی و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی هێزه‌  نیشتیمانیه‌كان و له‌باربردنی ئومێدی دروستبوونی عێراقێكی نوێ، بۆ هه‌موو لایه‌كیش روونبۆوه‌ كه‌ ئه‌وه‌ سیاسه‌تی تاكڕه‌وی و وه‌لانان و په‌راوێزخستن و پشت كردنه‌ ته‌وافوق و شه‌راكه‌ته‌ عێراق به‌ره‌و هه‌ڵدێری كۆتایی ده‌بات، نه‌ك پێدانی مافی ره‌وای پێكهاته‌كان و دیموكراسی ته‌وافوقی و عه‌داله‌ت . بۆیه‌  هیوادارین ده‌رس و په‌ند له‌و رابردووه‌ تاڵه‌ وه‌ربگیرێت و هه‌ڵبژاردن و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت پێداچوونه‌وه‌یه‌ك بێت به‌و سیاسه‌ت و عه‌قلیه‌ته‌.

له‌و بۆنه‌یه‌دا جارێكی دیكه‌ جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ سه‌ر هاوپه‌یمانیه‌تی و گیانی به‌رپرسیاریه‌تی و گوتاری هاوبه‌ش و هاوكاری له‌گه‌ڵ  هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان بۆ داڕژتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌رێگایه‌كی نوێ و گونجاو بۆ ئه‌و قۆناغه‌ی ئێستامان و پته‌وكردنی بنه‌ماكانی یه‌كڕیزیی و رێكخستنی نێو ماڵی كورد و وه‌لانانی كێشه‌و گیروگرفته‌ لابه‌لاكان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌و چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ هه‌نووكه‌یییه‌كان و بڕیاردان له‌سه‌ر ئاینده‌ی گه‌له‌كه‌مان.

ئێمه‌ كاتێك یادی(42)ساڵه‌ی ئه‌و بۆنه‌ پیرۆزه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، دوباره‌ به‌ڵێن بۆ رۆحی پاكی شه‌هیدان نوێده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام بین له‌سه‌ر هه‌مان رێبازی پارتیمان كه‌ رێبازی كوردایه‌تی و  نیشتیمانیمانه‌ بۆ پاراستنی ئه‌و ئه‌زموون و ده‌سكه‌وتانه‌ی، كه‌ به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدان و قوربانیه‌كانمانن و پته‌وكردنی بنه‌ماكانی ئاشتیخوازی و دیموكراسی و كوولتوری لێبورده‌یی وپێكه‌وه‌ژیان و سه‌قامگیریی سیاسی وئابووریو كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌روه‌ها دابینكردنی خۆشگوزه‌رانیی وئارامیی و ئاسووده‌یی بۆ سه‌رجه‌م هاووڵاتیان.

له‌ بیره‌وه‌ری (42)ه‌مین ساڵیادی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز، گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرودۆستانمان،  له‌ گشت گه‌لی كوردستان  به‌تایبه‌تی هێزه‌ دلێرو خۆراگره‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ و پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان، ده‌كه‌ین، سڵاو و رێز بۆ خانه‌واده‌ و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان ده‌نێرین.

سڵاو بۆ شه‌هیدانی رێگای ئازادی و رزگاری كوردستان، سڵاو بۆ یادی  ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ی سه‌رقافله‌ی گه‌شانه‌وه‌ی ژیله‌مۆی شۆڕشگێریی و به‌رخودان بوون…سڵاو له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی به‌ره‌كانی جه‌نگی دژه‌ تیرۆر و پاراستنی خاكی پیرۆزی كوردستان…

نه‌مریی و سه‌روه‌ریی بۆ رۆحی پاكی بارزانی نه‌مر و كاكه‌ ئیدریسی هه‌میشه‌ زیندوو…

سڵاو له‌ جه‌ماوه‌ری خۆراگروپشتیوانی پارتی و پێشمه‌رگه‌ی كوردستان…

هه‌ر به‌رزوشه‌كاوه‌ بێت ئاڵای كورد و كوردستان…

سه‌ركه‌وتن هه‌ر بۆ ئیراده‌ی گه‌له‌كه‌مانه‌…

مه‌كته‌بی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

25/5/2018”

Back to top button