به‌رپرسێكی باڵای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ تاراوگه‌ ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌

 

دوای روودانی زنجیره‌ك ده‌ست له‌ كار كێشانه‌وه‌ له‌ ریزه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان, به‌رپرسێكی دیكه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ستی له‌ كار كێشایه‌وه‌ رایگه‌یانددووه‌, “بزووتنه‌وه‌كه‌ نه‌یتوانی فۆرمێكی نوێ بهێنێته‌ ژیانی سیاسییه‌وه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستانیش رووبه‌ڕووی شكستێكی گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه”‌.

له‌ نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یدا، كه‌ كه‌ كۆپیه‌كی ده‌ست (خواكوڕك) كه‌وتووه‌، ئه‌و به‌رپرسه‌ی گۆڕان له‌ تاراوگه‌، نووسیویه‌تی: “ئه‌وه‌ی من گوزه‌راندم له‌ ماوه‌ی نۆ ساڵی رابردوودا، ئه‌زموونێكی باش بوو به‌ پراكتیكی له‌وه تێگه‌یشتم كه‌ تازه‌بوونه‌وه‌كان به‌ ته‌نیا دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌مان كاره‌ساتی سه‌رده‌می ناسه‌قامگیری سیاسه‌تی كوردییه‌ كه‌ ناتوانرێت تێی په‌ڕێندرێت”.

هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: “بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌یتوانی قه‌ناعه‌ت به‌ من بكات، كه‌ رێكخراوێكی جیاوازه‌، نه‌ به‌ شێوه‌ و نه‌ به‌ ناوه‌ڕۆك، به‌ڵكو زۆر له‌ پاش هه‌ندێ حزبی كوردستانیشه‌وه‌یه‌. بێگومان ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌ منداڵدانی رێكخراوێكی ئاڵۆزی وه‌ك یه‌كێتی هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، كه‌ جۆره‌ها ئایدیا و بۆچوون له‌خۆده‌گرێت، به‌ درێژایی مێژووه‌كه‌ی هه‌ر له‌ جیابوونه‌وه‌ و كه‌رت بووندا بووه‌. پێم وابوو كه‌ درووستبوونی گۆڕان سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ رێكخراوێكی تازه‌ی مه‌ده‌نی، كه‌ به‌ دیلی كاری سیاسی بێت له‌ كوردستانی باشووردا و بتوانێت له‌ ململانێی شاخ خۆی داماڵێت، به‌ڵام نه‌ك نه‌یتوانی بگره‌ زۆر تۆختر پیاده‌ی ده‌كات”.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی نامه‌كه‌دا نووسیویه‌تی: “كاری سیاسی گۆڕان به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌نازولی به‌ره‌و خوار داده‌به‌زێت و به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق پشتڕاستكردنه‌وه‌ی بۆچوونی من و زۆرێك له‌ هه‌وادارانی بزووتنه‌وه‌كه‌ش بوو”.

ئه‌و به‌رپرسه‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی گۆڕان هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: “ئێمه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات كارمان بۆ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ كردووه‌، نه‌مان توانیوه‌ ئه‌و به‌ربه‌ست و شێوه‌ی كاركردنه‌ ته‌قلیدییه‌ تێپه‌ڕێنین كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه‌وه‌ هاورده‌كراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپی خاوه‌ن سیستمی دیموكراتی دا ده‌ژین و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی رێكخراوه‌یی پێشكه‌وتوو، كه‌ ده‌كرا وه‌ك قوتابخانه‌یه‌كی ئه‌كادیمی سیاسی سوودمان لێ وه‌ربگرتایه‌، به‌ڵام نه‌ك نه‌مان توانی به‌ڵكو زۆر به‌ ئاستێكی نزمی ناڕێكخراوه‌یی ناته‌ندرووستی پڕ ململانێ كه‌ بێگومان ره‌نگدانه‌وه‌ی سیاسه‌تی ناوخۆی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ له‌ ناوه‌وه‌ی وڵات و لێره‌ش ره‌نگده‌داته‌وه‌”.

ئه‌وه‌شی نووسیوه‌: “ره‌وه‌ندی كوردی له‌وه‌ تێگه‌یشتووه‌، كه‌ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ ناتوانێت كۆكه‌ره‌وه‌ی ده‌نگ و ره‌نگی بێت، به‌ڵكو تا راده‌یه‌ك ره‌وه‌ندی كوردیشی له‌ كاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دابڕیوه‌”.

له‌ كۆتایی نامه‌كه‌شیدا نووسیویه‌تی: “ناتوانم درێژه‌ به‌ كاری رێكخراوه‌یی له‌ ناو ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ بده‌م، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت دووره‌ له‌ كاری رێكخراوه‌یی و هه‌موو دیسپلینێكی حیزبییه‌وه.. دڵنیام، كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا باجی گه‌وره‌ ده‌دات و ناتوانێت خۆی رابگرێت ئه‌ویش له‌ ئه‌نجامی شێوه‌ی كاركردنییه‌تی، كه‌ نه‌یتوانی فۆرمێكی جیاوازی هه‌بێت‌”.

Back to top button