ئه‌و گه‌نجه‌ خۆی كرده‌ قوربانی بۆ ده‌ربازكردنی گه‌شتیارێك بووه‌ سمبوڵی گه‌شتیاری له‌ هه‌رێم

له‌راگه‌یاندراوێكدا دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، کە گەنجێکی تەمەن 19 ساڵ، هەوڵی رزگارکردنی ئافرەتێکی عەرەبی داوە، بەڵام خۆی خنکا و ئه‌مه‌ش وێنەیەكی پڕاوپڕە لە هەستی مرۆڤایەتی و لە رێزگرتن لە میوان و گەشتیار”.

ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌، 18ی 6ی 2018 له‌ راگه‌یاندراوێكدا، دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە راگەیاندراوێکدا، کە كۆپیه‌كی بۆ خواكوڕك نێردراوه‌ رایگه‌یاندووه‌”لە كاتێك كە هەواڵی خنكانی گەشتیارێك و هاووڵاتی “جەبار عوسمان” لە ناوچەی باڵەكایەتی لە رووباری چۆمان لە نزیك گوندی بەرسیرین بڵاوبووەوە، بووە مایەی نیگەرانی و هاوخەمیمان بۆ بنەماڵەی هەردوو قوربانی، سەرەڕای هاوخەمیمان جەخت لەوە دەكەینەوە كە گەشتیاران پێویستە پابەندی رینمایەكانی بەرگری شارستانی و شوێنەكانی گەشتیاری بن و روو لەو شوێنانە نەكەن كە مەترسیدارن و ژیانی مرۆڤ دەخەنە مەترسیەوە“.

هه‌روه‌ها  ئەوەشی خستووەتەڕوو  له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا”لە هەمان كات رایدەگەیەنن رووداوی خنكانی هاووڵاتییەكی هەرێمی كوردستان لە پێناو رزگاركردنی گیانی گەشتیارێكی میوان، رووداوێكی كەم وێنەیە و پڕاوپڕە لە هەستی مرۆڤایەتی و لە رێزگرتن لە میوان و گەشتیار، چونكە لە كاتی خنكانی ئافرەتە گەشتیارەكە كوڕەكانی خۆی لەوێ ئامادەبوونە، بەڵام جەباری تەمەن 19 ساڵ و جوانە مەرگ خۆی كردووەتە قوربانی”.

هه‌ر له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌” کە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لە كاتێك پرسەنامە ئاراستەی هەردوو بنەماڵە دەكات، لە هەمان كات هاووڵاتی جەبار عوسمان ئەحمەد، وەك سومبولی قوربانی بەرزی میواندۆستی و رێزگرتن لە گەشتیار سەیر دەكات و بڕیار دەدات كە هۆلی سەنتەری راهینانی گەشتیاری لە شاری هەولێر وەك ریزگرتن بەناوی جەبار عوسمان بكات و بیكاتە سومبلی قوربانی میوانداری.

Back to top button