دەسەڵاتی سەربازیی کەرکووک خۆپیشاندانی قەدەغە کرد
دوای ئهوهی له چهند ناوچهیهكی خوارو ناوهڕاستی عێراق خۆپیشاندانی بهرفراوان دژ به كهمی خزمهتگوزاریهكانی حكومهت بهرێوه چوون, گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری لە كەركووك خراپە و دەسەڵاتی سەپێنراوی سەربازیی كەركووكیش خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە كەركووك قەدەغە كردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 16/7/2018/ عەدنان كەركووكی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “مەعەن سەعدی، فەرماندەی دەسەڵاتی سەپێنراوی سەربازی لە كەركووك بڕیاری داوە كە هیچ گردبوونەوە و خۆپیشاندانێك لە كەركووك نەكرێت، ئەمە لە كاتێكدایە كە بارودۆخی كەركووك لەڕووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە زۆر خراپە، بەڵام فەرمان دراوە كە كەس دەنگی ناڕەزایی لە كەركووك لەسەر خراپیی دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری هەڵنەبڕێت، بۆیە خۆپیشاندانیان قەدەغە كردووە”.
گوتیشی، هەروەها ئەو هێزانەی كە لە دەرەوەی شاری كەركووكن كە زیاتر بریتین لە حەشدی شەعبی و حەشدی عەشائیری، دەسەڵاتی سەربازی سەپێنراوی كەركووك پێیانیان ڕاگەیاندووە كە هەر خۆپیشاندانێك لەناو شاری كەركووك كرا، ئەوان راستەخۆ بێنە ناو شارەوە و هەڵبكوتنە سەر كۆمەڵێك گەڕەك كە خۆیان دەستنیشانیان كردووە.
لەبارەی ئەوەی كە بەشێك لە هێزە عێراقییەكان بەهۆی ئەو خۆپیشاندانانەی كە لە باشووری عێراقەوە دەكرێت لە كەركووكەوە كشێنرابێنەوە بەرەو بەغدا و باشووری عێراق، كەركووكی گوتی: “ئەو دەنگۆیە دوورە لە ڕاستییەوە هێزەكانیان نەكشاندووەتەوە بەرەو بەغدا و باشووری عێراق”.
لەدوای 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار پارێزگای کەرکووک و خورماتوو و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیان داگیر کردووە و لەو کاتەوە دۆخی ئەمنیی ئەو ناوچانە ناسەقامگیر بووە و بەتایبەتی لە شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری کەرکووک چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش خەریکن سەر هەڵدەدەنەوە.