ئه‌دهه‌م بارزانی:په‌یامی ماڵئاوایی بڵاو كرده‌وه‌

له‌ په‌یامێكی دا به‌بۆنه‌ی كۆتایی هاتنی ئه‌ركه‌كه‌ی له‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌ سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌دهه‌م بارزانی په‌یامێكی ماڵئاوایی بڵاو كرده‌وه‌ له‌ په‌یامه‌كه‌دا راگه‌یاند”بۆ من جێگای شانازییه‌كی گه‌وره‌ بوو كه‌ له‌ ژێر فه‌رمانی ڕێبه‌ری نه‌ته‌وه‌یی كاك مه‌سعود بارزانی دا وه‌ك نه‌وه‌یه‌كی (شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان) وه‌ په‌یڕه‌وێكی ڕێبازی (مسته‌فا بارزانی) به‌رپرسیاره‌تی كه‌مپینی پڕۆسه‌ی ڕیفڕاندۆممان له‌ سنوری سلێمانی و هه‌له‌بجه‌ و ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌رین ئه‌نجام دا كه‌ نزیكه‌ی (50%) جوگرافیای باشوری كوردستانه‌، یه‌كێكه‌ له‌ ویستگه‌ گرنگه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌ ژیانی سیاسیمان كه‌ هه‌میشه‌ له‌ تۆماری به‌دی هێنانی ئه‌ركی كوردایه‌تی دا لێی ده‌ڕوانین، سوپاس بۆ خودای گه‌وره‌ كه‌ پرۆسه‌كه‌ به‌ هه‌موو هه‌وراز و نشێویه‌كانیه‌وه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجام دراو سوپاس بۆ هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی ده‌نگی به‌ڵێ یان خسته‌ سندوقی ده‌نگدانی ڕیفراندۆمه‌وه‌”.

هه‌روه‌ها راشی گه‌یاندووه‌”پارتی یه‌كانی ئه‌م سنوره‌ خاوه‌ن فه‌زڵ و نازێكی گه‌وره‌ن به‌سه‌ر ئێمه‌ و پارتی یه‌وه‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی هه‌موو ئه‌و قه‌یرانانه‌ی كه‌ له‌ كوردستان هه‌یه‌ ، له‌ ڕووی ئابووری و دارایی یه‌وه‌ ، نه‌توانراوه‌ كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌ بوه‌كانیان به‌ ته‌واوی چاره‌سه‌ر ببێت و باری ژیانیان باشتر بكرێت، ئێمه‌ش هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی پارتیمان پێداگیر بووین له‌ ماف و شایسته‌كانیان،  به‌ڵام نه‌بوونی ئیمكانیاتی پێویست بۆ چاره‌سه‌ری هه‌موو ئاریشه‌ و دابین كردنی مافه‌كانیان دۆخه‌كه‌ی وه‌ك خۆی هێشتۆته‌وه‌.

 

ده‌قی په‌یامه‌كه‌….

“(په‌یامی ماڵئاوایی)

خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان

كادران  ، ئه‌ندام  و لایه‌نگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان

وه‌ك هه‌موتان ئاگادارن له‌ 24/5/2016 به‌ فه‌رمانی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی و داوای سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان  ئه‌ركی   به‌رپرسایه‌تی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی (پ  د  ك) مان له‌ پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌رین وه‌رگرت .

سه‌ربه‌رز و خۆشحاڵ بووم كه‌ وه‌ك (ئه‌دهه‌م بارزانی) نه‌وه‌ی (شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان) (قدس سره‌) و نوێنه‌ری  جه‌نابی  سه‌رۆك  (مه‌سعود بارزانی) له‌ ماوه‌ی دوو ساڵ و دوو مانگی ڕابردوو دا له‌ خزمه‌تی ئه‌م سنوره‌ و پارتی یه‌ سه‌ر بڵند و خۆ ڕاگره‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ بووم .

له‌م ماوه‌یه‌دا به‌ گوێره‌ی توانا و به‌ ئیمكاناتێكی زۆر سنوورداره‌وه‌  هه‌وڵماندا له‌گه‌ل ئێش و ئازار و ئه‌و قه‌باره‌ گه‌وره‌یه‌ی مه‌زڵومیه‌ت بین ، كه‌ بۆ پارتییه‌كانی ئه‌م سنوره‌ خوڵقاوه‌ ، وێڕای ئه‌وه‌ش ئه‌و حه‌ماسه‌ته‌ی له‌ لای پارتییه‌كانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌رین هه‌یه‌ له‌ هه‌مو شوێنێك هاوشێوه‌ی نه‌مبینیوه‌، كه‌ ئه‌م دڵ سۆزی و خۆڕاگریه‌ پێویسته‌ هه‌میشه‌ جێگای بایه‌خی سه‌ركردایه‌تی پارتیمان بێت.

بۆ من جێگای شانازییه‌كی گه‌وره‌ بوو كه‌ له‌ ژێر فه‌رمانی ڕێبه‌ری نه‌ته‌وه‌یی كاك مه‌سعود بارزانی دا وه‌ك نه‌وه‌یه‌كی (شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان) وه‌ په‌یڕه‌وێكی ڕێبازی (مسته‌فا بارزانی) به‌رپرسیاره‌تی كه‌مپینی پڕۆسه‌ی ڕیفڕاندۆممان له‌ سنوری سلێمانی و هه‌له‌بجه‌ و ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌رین ئه‌نجام دا كه‌ نزیكه‌ی (50%) جوگرافیای باشوری كوردستانه‌، یه‌كێكه‌ له‌ ویستگه‌ گرنگه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌ ژیانی سیاسیمان كه‌ هه‌میشه‌ له‌ تۆماری به‌دی هێنانی ئه‌ركی كوردایه‌تی دا لێی ده‌ڕوانین، سوپاس بۆ خودای گه‌وره‌ كه‌ پرۆسه‌كه‌ به‌ هه‌موو هه‌وراز و نشێویه‌كانیه‌وه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجام دراو سوپاس بۆ هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی ده‌نگی به‌ڵێ یان خسته‌ سندوقی ده‌نگدانی ڕیفراندۆمه‌وه‌.

پارتی یه‌كانی ئه‌م سنوره‌ خاوه‌ن فه‌زڵ و نازێكی گه‌وره‌ن به‌سه‌ر ئێمه‌ و پارتی یه‌وه‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی هه‌موو ئه‌و قه‌یرانانه‌ی كه‌ له‌ كوردستان هه‌یه‌ ، له‌ ڕووی ئابووری و دارایی یه‌وه‌ ، نه‌توانراوه‌ كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌ بوه‌كانیان به‌ ته‌واوی چاره‌سه‌ر ببێت و باری ژیانیان باشتر بكرێت، ئێمه‌ش هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی پارتیمان پێداگیر بووین له‌ ماف و شایسته‌كانیان،  به‌ڵام نه‌بوونی ئیمكانیاتی پێویست بۆ چاره‌سه‌ری هه‌موو ئاریشه‌ و دابین كردنی مافه‌كانیان دۆخه‌كه‌ی وه‌ك خۆی هێشتۆته‌وه‌.

له‌ هه‌ڵبژاردنی ڕۆژی 12/5/2018 بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌وڵێكی مونه‌زه‌م هه‌بوو كه‌وا وێنای پارتی بكرێت له‌ سلێمانی و تێكڕای ده‌ڤه‌ره‌كه‌ كه‌ له‌ پاشه‌كشه‌ و شكست دایه‌ چه‌ندین ئامانج له‌م هه‌وڵه‌ مونه‌زه‌مه‌ دا هه‌بوو كه‌ دیارترینیان ئه‌وه‌ بوو پارتی له‌ سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕاپه‌رین به‌ حوكمی گه‌وره‌یی رێبازی ( مسته‌فا بارزانی) و ڕێبه‌رایه‌تی ( كاك مه‌سعود بارزانی ) له‌ پرۆسه‌ی ڕیفڕاندۆمدا و ڕه‌نگ ڕێژكردنی هێڵی ڕاسته‌قینه‌ی كوردایه‌تی له‌ گه‌شه‌ كردن و فراوان بوون دایه‌، هه‌وڵه‌كه‌ بۆ به‌ر گرتن بوو له‌ گه‌شه‌ی ئه‌م ڕێبازه‌ له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا، هه‌موو ڕێگاكانیان تاقی كرده‌وه‌ به‌ 16 ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌ بوون، دواجار ویستیان له‌ ڕێگای كه‌م كردنه‌وه‌ی ده‌نگی پارتی له‌م سنوره‌دا وا وێنای پارتی بكه‌ن كه‌ پارتی له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌، ئێمه‌ دڵنیا بووین له‌ ده‌روێشانی مه‌لایی و پارتیه‌كان و سه‌ربه‌خۆیی خوازان و هه‌ڵگرانی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی كه‌ پارتی تاكه‌ بژارده‌یان بووه‌ له‌م‌ هه‌ڵبژاردنه‌ دا.

ڕووه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی ئه‌م دڵنیا بونه‌ی ئێمه‌ له‌ ڕۆژانی ( 9 و 10/7/2018 ) له‌ كاتی هه‌ژمار كردنی ده‌نگه‌كان ( به‌ده‌ستی) له‌م سنوره‌ به‌ ڕوون و ئاشكرا دیار كه‌وت كه‌ له‌ نیوه‌ زیاتری ده‌نگی پارتی له‌م سنوره‌ كه‌م كراوه‌ته‌و‌ه‌ له‌ ڕێگای ئه‌لكترۆنی یه‌وه‌ ، و پارتی له‌ سه‌رووی (100.000) سه‌د هه‌زاره‌وه‌ ده‌نگی به‌ده‌ست هێناوه‌.

هه‌موو ئاماره‌كان له‌به‌رده‌ستن كه‌ هاوپێچی ئه‌م بڵاوكراوه‌یه‌ ده‌یخینه‌ به‌رده‌ستان بۆ نموونه ‌: له‌ قوتابخانه‌ی (سید سادق) له‌ قه‌زای سید سادق له‌ بنكه‌ی ژماره‌ (128101) له‌ ویستگه‌ی ژماره‌ (4) به‌ ئه‌لیكترۆنی (9) ده‌نگ بۆ پارتی هه‌ژمار كراوه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كاندا پارتی له‌و سندوقه‌ (74) ده‌نگی بده‌ست هێناوه‌، ئه‌م كه‌م كردنه‌وه‌ عه‌مدیه‌ ده‌ر بڕی ئه‌و غه‌دره‌یه‌ له‌ ده‌نگی پارتی یه‌كان كرا له‌م سنوره‌ و ده‌یان ویستگه‌ی دیكه‌ش ئاماره‌كانیان له‌به‌رده‌سته‌ كه‌ هه‌مووی به‌ ڕێژه‌یه‌كی زۆر به‌رچاو ده‌نگی پارتی واته‌ لیستی (184) ی تێدا كه‌م كراوه‌ته‌وه‌،  ئه‌م ئه‌نجامه‌ له‌ كۆی (62) سندوقه‌ به‌ده‌ست هاتووه‌ و ئه‌گه‌ر (3187) سندوقه‌كه‌ی تر هه‌ژمار بكرێت چی ڕوو ئه‌دات.؟؟

له‌ ڕوانگه‌ی دڵنیابونمان له‌ دڵسۆزی پارتیه‌كانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ و ده‌ركه‌وتنی ڕاستی یه‌كان سوپاس بۆ خوای گه‌وره‌ و سوپاسی بێ پایانمان ئاڕاسته‌ی ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌ و هه‌ڤاڵانمان و جه‌ماوه‌ری دڵسۆزی ئه‌م سنوره‌ ده‌كه‌ین.

له‌ كۆتاییدا ده‌مانه‌وێت ئه‌وه‌ ڕابگه‌یه‌نین له‌سه‌ر داوای خۆمان له‌ جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی لێره‌دا كۆتایی به‌ ئه‌ركمان وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌كردایه‌تی پارتی له‌ پارێزگای سلێمانی- هه‌ڵه‌بجه‌- ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین ده‌هێنین، پاش قبوڵ كردنی داواكه‌مان له‌لایان جه‌نابیانه‌وه‌.

به‌ ڕێبه‌ر كاك مه‌سعود بارزانی ده‌ڵێین كه‌ وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك درێژه‌ پێ ده‌ری ئه‌م ڕێبازه‌ ده‌بین و به‌ پارتیه‌كانی سلێمانیش ده‌ڵێین سوپاس بۆ خۆڕاگریتان و سوپاس بۆ دڵسۆزیتان، ئێوه‌ی به‌ڕێز منه‌تتان له‌سه‌ر پارتی هه‌یه‌ و به‌ حه‌ق ڕێبواری ئه‌م ڕێبازه‌ پیرۆزه‌ن و پێویسته‌ سه‌ركردایه‌تی پارتی ئێش و ئازاره‌كانی ئێوه‌ی به‌ڕێز له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانی خۆی دابنێت، من بۆ هه‌میشه‌ له‌ڕووی مه‌عنه‌وی و ڕوحیه‌وه‌ پشتگیر و هاوسۆزتانم .

سوپاس بۆ هه‌وڵ و ماندوو بونی ته‌واوی هه‌ڤاڵانی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن و به‌رپرسه‌ كۆن و نوێیه‌كانی لقه‌كان و كارگێرانی لق وبه‌رپرسانی ناوچه‌ و ئه‌ندامانی لق و مه‌كته‌ب و كارگێڕانی ناوچه‌ و كادرانی لق و به‌رپرسانی ڕێكخراو و كادرانی ناوچه‌ و كارگێرانی ڕێكخراو و به‌رپرسی بنكه‌كان ، كه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوو به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌م به‌رپرسیاره‌تیه‌مان ئه‌نجام داوه‌ ، و سوپاس بۆ هه‌موو برایانی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانمان به‌ ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ و پولیس و پاراستنه‌وه‌ .

وه‌ داوای لێبوردون له‌هه‌موتان ده‌كه‌م كه‌ ئه‌گه‌ر به‌گوتارێك یان ڕه‌فتارێك ئازارم به‌ یه‌كێك له‌ ئێوه‌ی خۆشه‌ویست گه‌یاندبێ.

پیرۆزبایی له‌ برای به‌ڕێزم كاك (عارف ته‌یفور) ده‌كه‌م وه‌ك سه‌رۆكی نوێی ئه‌نجومه‌ن و داواكارین له‌ ته‌واوی هه‌ڤالان ، هاوكار و پشتیوانی بن له‌م به‌رپرسیاریه‌تی یه‌ نوێ یه‌یدا ئومێده‌ واریشین درێژه‌ پێ ده‌ری به‌رنامه‌كانمان و ئه‌م گه‌ شه‌كردنه‌ی پارتی بێت له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا.

ئه‌گه‌ر فیزیكی له‌لای ئێوه‌ نه‌مێنم به‌لام بێگومان دڵم له‌م ده‌ڤه‌ره‌ و شاره‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی سلێمانی به‌جێ  دێلم ، دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌ سلێمانی بۆمن بارزانه‌ و بارزانیش سلێمانی.

سه‌ربه‌رز و سه‌رفرازبن…

براتان

ئه‌دهه‌م بارزانی”

Back to top button