بارزانی باسی رۆژە مێژوویەكە دەكات
خواكوڕك
لە هەواڵێك دا كە ماڵپەری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كرۆتەوە، ئەمرۆ سێشەممە 18ـی 10ـی 2016 لە سەلاحەدین ، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فیلیپۆ گراندی كۆمیساری باڵای پەنابەران لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد.
لەهەواڵەكەدا هاتووە، لە دیدارەكەدا كۆمیساری باڵای كاروباری پەنابەران لە نەتەوە یەكگرتووەكان سوپاسی هەرێمی كوردستانی كرد كە سەرباری بوونی شەڕ و تەحەددیات و گرفتی ئابووری میوانداریی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەری كردووە. هەروەها پێزانینی بۆ پەرۆشی و هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی هەبوو بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سڤیل لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و ئۆپەڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ و ناردنی پەیامی دڵنیایی لە لایەن سەرۆك بارزانی بۆ دانیشتوانی مووسڵ بەرز نرخاند. هەروەها هێمایشی بە نیگەرانییەكانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا لەمەڕ قۆناغی دوای داعش و بارودۆخی سیاسیی شاری مووسڵ لەدوای ئازادكردنی شارەكە.
هەر لە هەواڵەكەدا هاتووە، لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی باسی لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و پلانی ئازادكردنی مووسڵ كرد و ئاماژەی بە هەماهەنگی و ئۆپەڕاسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق دا لە شەڕی دژی دوژمنێكی هاوبەش كە ئەوە خۆی لە خۆیدا بابەتێكی مێژووییە و یەكەمجارە ڕوو دەدات و ئەوەی بە دەرفەتێك زانی بۆ پێداچوونەوە و بنیاتنانی ئاییندە.
پەیوەست بە بابەتی ئاوارەكان سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە لە یارمەتیدانی ئاوارەكان و چارەسەركردنی كێشەكانیان پێویستە هەموو لایەك هاوكاری یەكتر بن.