په‌رله‌مانتارێكی شیعه‌: پۆلیسی سعودیه‌ حاجیه‌كی عێراقی كوشتووه‌

 

دوای ئه‌وه‌ی حاجیه‌كی عێراقه‌ له‌ سعودیه‌ گیانی له‌ده‌ست دا, حكومه‌تی سعودییه‌ رایگه‌یاند كه‌ حاجیه‌ عێراقیه‌كه‌ خی كوشتووه‌, له‌ به‌رامبه‌ردا په‌رله‌مانتارێكی پێشووی عێراق، ئاشكرای ده‌كات، ئه‌و حاجییه‌ی له‌ مه‌ككه‌ گیانی له‌ده‌ست دا خۆی نه‌كوشتووه‌، به‌ڵكو پۆلیسی سعودییه‌ كوشتوویه‌تی. وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش، ڕوونكردنه‌وه‌ ده‌ده‌ات.

ڕیاز غالی ساعدی، په‌رله‌مانتاری پێشووی عێراق، له‌سه‌ر هاوپه‌یمانی نیشتمانی كه‌ له‌لایه‌نه‌ شیعه‌كان پێكهاتووه‌، له‌لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا، ڕای گه‌یاند: “حاجییه‌ عێراقییه‌كه‌ خۆی نه‌كوشتووه‌، به‌ڵكو پۆلیسی سعوودی غه‌دریان لێكردووه‌ كوشتوویانه‌، چونكه‌ من له‌نزیكه‌وه‌ ده‌یناسم و كه‌سێكی هێمن بووه‌ و نه‌خۆشی ده‌روونی له‌گه‌ڵدا نه‌بووه‌”.

داواشی له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق كرد، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌كه‌ بكه‌ن و ته‌رمی حاجییه‌ ته‌مه‌ن 44 ساڵه‌كه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌یانه‌وێت ده‌ستكاری ته‌رمه‌كه‌ بكه‌ن و ده‌ستی ده‌ستی ده‌كه‌ن بۆ ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی، گوتیشی: “پۆلیسی سعوودیه‌ له‌ دۆخێكی گوماناویدا حاجییه‌كه‌یان كوشتووه‌ و ده‌بێت ڕاستییه‌كان ئاشكرا بكرێت”.

به‌پێی ڕاگه‌یاندراوه‌ فه‌رمییه‌كان، حاجی حوسێن حەمید حەیدەری، کاتژمێر 8:30 خولەکی سەرلەبەیانیی رۆژی هەینی 24/8/2018 لەکاتی تەوافکردن (سووڕانەوە) بە دەوری کەعبە، لە سەربانی مزگەوتی حەرام خۆی هەڵدایە ناو گۆڕەپانی مزگەوتەکە و خۆی کوشت، هۆكاره‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌، كه‌ باری ده‌روونی ته‌واو نه‌بووه‌ و پێش چه‌ند مانگێك كوڕێكی له‌ده‌ست داوه‌.

لای خۆیه‌وه‌، ئه‌حمه‌د مه‌حجووب، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، ڕای گه‌یاند: “كونسوڵخانه‌ی گشتیی عێراق له‌ شاری جه‌دده‌، به‌هاوكاری نێرده‌ی حه‌ج و ده‌سه‌ڵاتدارانی سعوودی، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ چۆنێتی گیان له‌ده‌ست دانی حاجییه‌ عێراقییه‌كه‌ ده‌كه‌ن و هه‌ماهه‌نگی ده‌كه‌ن بۆ وه‌رگرتنی ڕاپۆرتی كۆتایی به‌ به‌ڵگه‌ی كامێراكانی چاودێری ناو حه‌ره‌می مه‌ككه‌”.

میدیا عێراقییه‌كان گومانی ئه‌وه‌یان دروست كردووه‌، كه‌ حاجییه‌ عێراقییه‌كه‌ سه‌ر به‌ مه‌زهه‌بی شیعه‌ بووه‌ و له‌كاتی به‌جێهێنانی فه‌ریزه‌ی حه‌ج، هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی وه‌ك موسڵمانێكی شیعه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی سعوودییه‌ی نیگه‌ران كردووه‌.

Back to top button