خانه‌قین لە كۆی ۱٦۸ فەرمانگەی ئه‌منی و ئیداری كورد خاوه‌نی هیچ پۆستێك نییه
له‌پاش ڕووداوه‌كانى خیانه‌تی ۱٦ ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى ۲۰۱۷ و هاتنى سوپاى عێراق و هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبی بۆ سنوورى ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان، خانه‌قین كه‌وته ژێرده‌ستى میلیشیای حه‌شدى شه‌عبی و له‌وكاته‌وه تاوه‌كو ئێستا ڕۆژدواى ڕۆژ ژماره‌ى كرده‌وه تیرۆریستییه‌كان ته‌عریبكردن به‌رامبه‌ر به هاووڵاتیانى كوردى سنووره‌كه له زیادبووندایه.
وشیار ئیسماعیل، ئەندامی مەڵبەندی خانەقینی یەكێتی و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، ڕایگەیاند: “شەش ناحیەی كوردستانی لە سنووری دیالە هەیە، لەگەڵ سەنتەری قەزای خانەقین، ئەوانە ناوچەی كوردستانین و كورد لە ساڵی ۲۰۰۳ ەوە داكۆكییان لێ دەكات تاكوو ۱٦ـی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، پێش ۱٦ی ئۆكتۆبەر كورد ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە و دەسەڵاتەكانی بەدەستەوە بووە، بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە و بەداخەوە ئێستا لە ناو سەنتەری قەزای خانەقین كە رێژی كورد تێیدا %۹۵ە كورد پێگەی لاواز بووە و لاوازییەكەش بۆ ئەوە دەگڕێتەوە كە دەستێوەردان هەیە لە حكوومەتی خۆجێ دیالە بۆ كاروباری ناوخۆی خانەقین و هەندێك جار لەسەر ئاستی وەزارەتەكانی حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق دەستێوەردان لە فەرمانگە خۆجێیەكانی خانەقین دەكەن”.
ئەندامه‌كه‌ی مەڵبەندی خانەقینی یەكێتی گوتیشی: “حكوومەت بەشی كۆمپانیای خۆراكی خانەقینیان داخست كە لقێكی تایبەتی لە خانەقین بوو، هەروەها فەرمانگەی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتنی تیرۆریش داخرا كە لقێكی لە خانەقین بوو ، ئەگەر ئێمە لەڕووی خزمەتگوزاریشەوە باس بكەین، لەم چوار ساڵەی ڕابردوودا بە رێژەی لە %۲ خزمەتگوزاری بۆ خانەقین كراوە، بەڵام لە هەندێك ناوچەی دیكەی دیالە حزبە عەرەبییەكان كار بۆ ناوچەكانی خۆیان دەكەن بە هەموو تاوانەكانیانەوە و دەتوانم بڵێم لە كۆی ۱٦۸ فەرمانگەی ئەمنی و خزمەتگوزاری و دەستەكان، كورد یەك پۆستی نییە لە دیالە لەسەر ئاستی باڵا”.
هوشیار ئیسماعیل ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە ده‌شڵێت: “لە بەعقووبەی ناوندی پارێزگای دیالە فەرامۆش كراوین و كورد لەوێ لاوازە، تەنیا یەك پۆستی جێگری پارێزگارمان هەیە لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە و لەكۆی ۲۹ ئەندامی ئەنجومەن ۱۳ ئەندامی شیعە و ۱۳ ئەندامی سوننە هەیە، تەنیا ۳ ئەندامی كوردمان هەیە”.
شارى خانه‌قین /۱۵۵ كیلۆمه‌تر باكورى خۆرهه‌ڵاتى به‌عقوبه/ یه‌كێكه له‌ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم، له‌پاش پرۆسه‌ى ناسراو به “ئازادى عێراق” زۆرینه‌ى داموده‌زگاكانى له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت، له‌پاش ڕووداوه‌كانى ۱٦ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى ۲۰۱۷، دۆسیه‌ى ئه‌منى شاره‌كه كه‌وته ده‌ست هێزه عێراقییه‌كان و حه‌شدى شه‌عبی.