جه‌بار مه‌لا ئه‌مین : قه‌واره‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح تووشی ئیحراجییه‌كی زۆر بووه‌

دوای ئه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح له‌ نامه‌یه‌كێدا داوای كردبوو بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو یه‌كێتی و ده‌ستبه‌رداری قه‌واره‌كه‌ی ده‌بێت له‌ پێناو كورسی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق دا ،مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نامه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵحی تاوتوێ كرد و به‌ ده‌نگی ۲٦ ئه‌ندام كرایه‌ به‌ربژیری فه‌رمی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ،به‌ڵام ته‌نها ده‌نگی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی به‌س نییه‌ بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق ،ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ رازیبوونی پارتی دیموكراتی كوردستانه ، پارتیش لای خۆیه‌وه‌ به‌ یه‌كێتی گوتووه‌ ئه‌و پۆسته‌ مافی كورده‌ له‌ ناو كوردیش دا ئیستحقاقی ئه‌و حیزبه‌یه‌ كه‌ پیشه‌نگی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بووه‌ .

جەبار مەلا ئەمین، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: “بەرھەم ساڵح لەپێناو پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، وازی لە حزبەکەی ھێناوە و گەڕاوەتەوە ناو ڕیزەکانی یەکێتی، بەڵام ئیستا کە گەڕاوەتەوە ناو یەکێتی کارێکی قورسە بەرھەم ساڵح ئەو پۆستە وەربگرێت، چونکە پێشتر چەند بەرپرسێکی باڵای ناو یەکێتی ڕێگربوون لەوەی بەرھەم ساڵح، پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت، بۆیە ئێستاش زۆربەی زۆری یەکێتی ناڕازین“.

ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕاشیگه‌یاند:” خەڵکی ناڕازی لە دەوری قەوارەکەی بەرھەم ساڵح کۆبوونەوە، بەڵام ”بەداخەوە دوای ماوەیەک بەھۆی پۆستێکەوە وازی لە حزبەکەی ھێنا و گەڕایەوە ناو یەکێتی، بۆیە بەرھەم ساڵح کارێکی باشی نەرکردووە و لەسەر کەسایەتیی خۆی کەوتووە“.

جەبار مەلا ئەمین، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان،گوتیشی:” ئەگەر بەرھەم ساڵح پۆستی سەرۆک کۆمار وەرنەگرێت، لەناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان حزبەکەشی ڕووبەڕووی ئیحراجییەکی زۆر دەبێتەوە، ”لە بەینی دوو ئاوەکەشدا بێ دەستنوێژ دەمێنێتەوە، چونکە خەڵکێکی زۆر دڵی بەقەوارەکەی بەرھەم ساڵح خۆش بوو، بەڵام ئەگەر بەرھەم ساڵح ئەو پۆستە وەرنەگرێت، ئیتر متمانەی خەڵکی کوردستان لە دەست دەدات ” .

Back to top button