پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی پەنجا و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان

بەناوی خودای بەخشندە ومیهرەبان

بەبۆنەی پەنجاو پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەر و ستاڤی ئێزگەی دەنگی كوردستان و هەموو ئەو خەباتگێڕانە دەكەم كە لە قۆناغەكانی ڕابردوودا لە دەنگی كوردستاندا دەنگی ڕەسەنایەتی و شۆڕشگێڕی و خەباتی گەلی كوردستان بوونە.

ئێزگەی دەنگی كوردستان یەكەم دەنگی ڕەسەنی كوردایەتی ونیشتیمانپەروەری و دژایەتیكردنی دیكتاتۆریەت بوو. ئەو ئێزگەیە سەرچاوەی ئیلهامی شۆڕشگێڕی وئازادیخوازی بوو بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان و خەباتگێڕان وڕێكخستنە حزبییەكان و هەمووچینوتوێژەكانی گەلی كوردستان و ڕۆڵێكی كاریگەری هەبوو لە گەیاندنی پەیامی شۆڕشو دەنگی ڕەوای گەلەكەمان بۆ كوردستان و ناوچەكە و جیهان.

ڕۆڵی ئێزگە تێكۆشەرەكەی دەنگی كوردستان لە هۆشیاركردنەوەی خەڵك هەرگیز فەرامۆش ناكرێت و هیوادارم ئێستایش بە گڕ وتینێكی زیاتر بەردەوام بێت لە گەیاندنی دەنگی ڕاستگۆیی و بەرگریكردن لە ماف و دەستكەوتنەكانی میللەتەكەمان و پێشخستنی كولتوور و پێكەوەژیان و نیشتیمانپەروەری لەناو خەڵكی كوردستاندا. ئومێدی سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.

مسعود بارزانی

27ـی 9ـی 2018

Back to top button