ماڵپه‌ری تابناكی ئێرانی: پاڤڵ تاڵه‌بانی به‌ رێكه‌وتن كه‌ركوكی ڕاده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی كرد

ماڵپەڕی (تابناک)ی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە بابەتێکدا لەژێر ناوی “ئایا ڤاڵێل تاڵەبانی جێگەی مام جەلال دەگرێتەوە؟”، نووسیویەتی، پاڤڵ تاڵەبانی بە ڕێککەوتن لەگەڵ حەشدی شەعبی و حکوومەتی عێراق، ”بووە ھۆی ئەوەی کەرکووک بکەوێتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی عێراق“.

ماڵپەڕی (تابناک)ی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران له‌سه‌ره‌تایی بابه‌ته‌كه‌دا ده‌ڵێت :”پاڤێڵ تاڵەبانی وەک یاریکەرێکی نوێی سیاسی ھاتە مەیدانەکەوە و توانی ڕێگە لە ڕشتنی خوێن لە کەرکووک بگرێت و بە دانەوەی کەرکووک بە حکوومەتی عێراق و گرتنە دەستی ڕەوشەکە، ئەو شانسەیان بەدەست ھێنا کە جارێکی دیکە پۆستی سەرکۆماری عێراق وێڕای دژایەتیی زۆر، ببێتەوە بە پشکی یەکێتی”.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی بابه‌ته‌كه‌دا له‌ ماڵپه‌ری تابناكی ئێرانیدا ھاتووە: “پاش ململانێ لە نێوان پێکھاتەکانی عێراق بەتایبەت دوو حزبی سەرەکیی ھەرێمی کوردستان، واتە یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماریی ئەو وڵاتە، سەرەنجام یەکێتی توانی بۆ خولی سێیەم ئەو پۆستە مسۆگەر بکات و ئەمجارە بەرھەم ساڵح بکاتە سەرکۆماری عێراق”.

ماڵپەڕی (تابناک)ی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژە بە سیاسەتی نەرمینواندنی یەکێتی لە بەرانبەر لایەنە عێراقییەکان کراوە کە لە سەرکەوتنی کاندیدەکەیاندا ڕۆڵی ھەبووە و نووسیویەتی: “ھەرچەند ڕکابەرییەکە دژوار بوو، بەڵام ئاراستەی سیاسەتی نەرمینواندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەتایبەت بنەماڵەی تاڵەبانی کە پاڤێڵ سەرکردایەتیی دەکرد، بووەتە ھۆی ئەوەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە گرنگەوە لێی بڕوانن”.

ماڵپه‌ری تابناك ئاشكرای كردووه‌ :”ھەرچەند لە کاتی ڕیفراندۆمدا یەکێتی ھاودەنگی پارتی بوو، بەڵام دوای ڕاگرتنی ئەنجامی ئەو ڕیفراندۆمە، یەکێتی بۆ بنیاتنانەوەی عێراق ڕۆڵی گێڕا و لە ئاراستەی سیاسەتی پارتی دوور کەوتەوە و ئەم دوورکەوتنەوەیەی یەکێتی لە پارتی، ھاوکێشە سیاسییەکانی عێراق، بە دژبەر و هاودەنگ گۆڕی”.

میدیا ئێرانییه‌كان ده‌شڵێن :” ئامانج لە ھێنانی بەرھەم ساڵح، جگه‌ له‌وه‌ی دژ به‌ كاندیده‌كه‌ی پارتی بوو،شکستیان بە پیلانی دابەشبوونی عێراقیش هێنا، لەڕاستیدا ئەو نیگەرانییە لەلای خەڵک و بەتایبەت سیاسەتڤانە عێراقییەکان لە گۆڕێ دایە کە ئەگەر کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار سەرکەوتبا، لەوانەیە دیسان بارزانی پلانی دابەشبوونی عێراقی بخستایەتەوە گەڕ، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایەی کە کاتی خۆی تاڵەبانی بە پێداگرییەوە دژایەتیی جیابوونەوەی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق کردووە، ”دەبووایە کارەکتەرێکی دیکە ئەو ڕێگەیەی پڕ بکردایەتەوە”.

ماڵپه‌ری تابناكی ئێرانی ئاماژه‌ی داوه‌ به‌ دژایه‌تیكردنی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ به‌رامبه‌ر به‌رهه‌م ساڵح ،به‌ڵام پاڤڵ تاڵه‌بانی رێگربووه‌ له‌ به‌رده‌م هه‌وڵه‌كانی دایكی و چه‌ند كه‌سێكی تر نه‌یهێشتووه‌ به‌رهه‌م ساڵح دوور بكه‌وێته‌وه‌ له‌ یه‌كێتی و به‌ڵینی پێداوه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هۆزه‌ و لایه‌نه‌ عه‌ره‌بیه‌كان قسه‌ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بكرێته‌ سه‌رۆككۆماری عێراق .

Back to top button