رێبوار تاڵهبانی داوای سزادانی خیانهتكارانی 16ـی ئۆكتۆبهر دهكات، ههروهها داوا دهكات بڕیارهكانی پارێزگاری سهپێندراو رابگیرێن
دوای ئهوهی كهركووك به هۆی خیانهتی 16 ی ئۆكتۆبهر له لایهن حهشدی شهعبی و سوپای پاسداران داگیركرا، له ئێستادا كهركووك رووبهرووی تهعریب بوهوهتهوه، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای كهركووكیش داوای سزادانی هەر کەسێک دەکات کە بەشداری هەبووە لەو بارودۆخەی لە 16ی ئۆکتۆبەر و دوای 16ی ئۆکتۆبەر لە پارێزگای کەرکووک روویانداوە. هەروەها داوادەکات هەموو ئەو بڕیار و رێکارانەی لە کەرکووک لەلایەن ئیدارەی ئێستای کەرکووکەوە دەرکراون رابگیرێن و هەڵبوەشێنەوە.
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا داواکارییەک دەخاتەبەردەم سەرۆک و جێگرەکانی و هەروەها ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دۆخی کەرکووکەوە و رایدەگەیێنێت: “لە مانگی 12ی ساڵی 2017 داوام لە سەرۆکوەزیرانی ئەوسای عێراق کرد کە بارودۆخی کەرکووک ئاسایی بکاتەوە، بەڵام بەداخەوە هیچ وەڵامێکی نەبوو، دووبارە هەمان یاداشتم ئاراستەی سەرۆککۆمار و جێگرەکانی و سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی کرد، بەهەمان شێوە هیچ وەڵامێکیان نەبووە”.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک داوادەکات: “رواڵەتە سەربازییەکان، کە تاوەکو ئێستا لەنێو شارەکەدا ماونەتەوە نەهێڵدرێن و، سزای هەر کەسێک بدرێت کە بەشداری هەبووە لەو بارودۆخەی لە 16ی ئۆکتۆبەر و دوای 16ی ئۆکتۆبەر روویاندا. هەموو ئەو بڕیار و رێکارانەی لە کەرکووک لەلایەن ئیدارەی ئێستای کەرکووک دەرکراون هەڵبوەشێندرێنەوە کە لەلایەن دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکان لەڕێگەی نەزاهە و رەقابە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دژەتیرۆر جێبەجێ دەکرێن و، هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکان و خەڵک دەستگیردەکەن”.
دەقی راگەیێندراوەکە
بەڕێزان سەرۆک و جێگرەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
بەڕێزان ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
سەرەتا پیرۆزباییتان لێدەکەم بەو ئەرکەی پێتان سپێردراوە، هیوای ئارامی بۆ گەلی عێراق دەکەین.
ساڵێک بەسەر رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر تێپەڕبوو، کە سەرۆکوەزیران بە سەرپێچیکردنی ماددە 9 بڕگەی ئا ـی دەستوور، دووبارە وەکو رژێمی پێشووی بەعس هێزی بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسە سیاسییەکان بەکارهێنا، کە ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە، لەبری ئەوەی بێت و داعش لە خوارووی کەرکووک دەربکات، ئامانجی ئەوەبوو بێت دەسەڵات لە کەرکووک بکاتە دەسەڵاتێکی سەربازی.
لە مانگی 12ی ساڵی 2017 داوام لە سەرۆکوەزیرانی ئەوسای عێراق کرد کە بارودۆخی کەرکووک ئاسایی بکاتەوە، بەڵام بەداخەوە هیچ وەڵامێکی نەبوو، دووبارە هەمان یاداشتم ئاراستەی سەرۆککۆمار و جێگرەکانی و سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی کرد، بەهەمان شێوە هیچ وەڵامێکیان نەبووە.
لە رووی متمانەم بە دادگای عێراقەوە، بەتایبەتی دادگای فیدراڵی، لە 15-3-2015 سکاڵام دژی سەرۆکوەزیرانی پێشوو تۆمارکرد، بەڵام بەداخەوە دادگای فیدراڵی لە بری ئەوەی بە 15 رۆژ وادەی بەرزکردنەوەی داوایەکە دابنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا وادەکەی دانەناوە.
لە ماوەی ئەوساڵەدا دامودەزگا سەربازییەکانی حکومەتی فیدراڵی بە هاوکاریکردنی سەرۆکوەزیران و چەند وەزیرێک لەگەڵ ئیدارەی کەرکووک، کە ئێستا ئیدارەیەکی نادەستووری و نایاساییە، هەڵساون بە دووبارە گۆڕینی دیموگرافیای شارەکە، کە سەدام حوسێن بە 35 ساڵ نەیتوانی ئەمکارە بکات، ئەمانیش پەرەیان پێیدا.
لە ئاساوارەکانی ساڵی رابردوو کە بەسەر شاری کەرکووک داهاتووە، کوشتن و شەهیدکردنی سەدان کەس و ئاوارەکردنی 150 هەزار کەس بۆ هەرێمی کوردستان، کە بە سوپاسەوە پێشوازیان لێیانکرد.
هاوکات دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردنی فەرمانبەران و ئەشکەنجەدان و زیندانکردن و راگرتن و دوورخستنەوەیان لە کاری وەزیفی بەهۆی ئینتیمای سیاسییەوە.
تا ئێستا 30 بەڕێوەبەر لە ئەرکەکانیان دەرکراون، ماڵ و بارەگای حیزبی و کەسایەتییە دیارەکان لەناو شاری کەرکووک کراونەتە بارەگای سەربازی بۆ ئەو سەربازانەی لە کەرکووکن.
بۆ ئەوەی ئەو بارودۆخە زیاتر بەرەو ئاقارێکی خراپتر نەچێت، داوا لە بەڕێزتان دەکەم بە زووترین کات ئەم داواکاریانەمان بکەنە ئەجێندای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تاوتوێکردن و دەرکردنی بڕیاری دروست بۆ ئاساییکردنەوەی باردۆخی شاری کەرکووک.
1. نەهێشتی رواڵەتە سەربازییەکان، کە تاوەکو ئێستا لەنێو شارەکەدا ماوەتەوە، سزادانی هەر کەسێک کە بەشداری هەبووە لەو بارودۆخەی لە 16ی ئۆکتۆبەر و دوای 16ی ئۆکتۆبەر روویاندا.
2. داوا دەکەیەن رۆڵتان هەبێت لە کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ئەوەی کارەکانی خۆمان جێبەجێ بکەین.
3. رادەستکردنەوەی دۆسیەی ئەمنی بە دەسەڵاتی مەدەنی.
4. راگرتن و هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو بڕیارو رێکارانەی لە کەرکووک لەلایەن ئیدارەی ئێستای کەرکووک دەرکراون و لەلایەن دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکان لە رێگەی نەزاهە و رەقابە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دژەتیرۆر، جێبەجێ دەکرێن و هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکان و خەڵک دەستگیر دەکەن.
5. قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوی سەرجەم ئەو کەسانەی لە رووداوی 16ی ئۆکتۆبەر و دوای 16ی ئۆکتۆبەر زیانیان پێگەیشتووە.
ئێمەش هەموو هەوڵ و توانایەکمان لەگەڵتان دەخەینە گەڕ و هاوکار دەبین.