وەزیری پەروەردەی عێراق دەستی لە كاركێشایەوە

 

دوای ئەوەی دوێنێ‌ میدكانی عێراق لە هەوالێكیاندا رایانگەیاند كە برایەكی وەزیری نوێی پەروەردەی عێراق سەربە رێكخراوی تیرۆریستی داعشە, وەك كاردانەوەیەك لە بەرامبەردا وەزیری نوێی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەشی سەرۆكوەزیران كردووە، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی برایەكی ئەندامی رێكخراوی داعش بووە.

لە بەیاننامەیەكدا شەیما حەیالی، وەزیری پەروەردەی حكومەتی عێراق رایگەیاند “هیچ رۆژێك لەگەڵ هیچ پارت و فراكسیۆنێكی سیاسی كارم نەكردووە، كەسێكی پیشەییم لە زانكۆی موسڵ و لەلایەن فەرماندە ئەمنییەكانیش ناسراوم، تاوەكو ئێستاش لە كارەكەم بەردەوامم، كەسوكارمان لە نەینەوا لەلایەن تیرۆریستان رفێندراون و ناچاركراون لەكارەكانیان بەردەوام بن، لەوانەش برام كە داعش لەژێر هەڕەشە ناچاری كرد لە فەرمانگەكەی خۆی بمێنێتەوە، بەڵام بێ ئەوەی چەك هەڵبگرن و لە كوشتنی هیچ عێراقییەك یارمەتیان بدەن”.

شەیما حەیالی دەڵێت “لەو گرتە ڤیدیۆیەی لەلایەن ناحەزانەوە بڵاوكراوتەوە دەردەكەوێت كە كەسێكی سڤیلە و لەژێر هەڕەشەی چەك باسی پرسێكی شارستانی دەكات، براكەی منیش هاوشێوەی هەزاران حاڵەتی دیكە ناچاربووە لەژێر دەسەڵاتی داگیركار لەسەر كارەكەی بمێنێتەوە. بەپێی یاسای نێودەوڵەتیش ئەوانەی بەبێ ویستی خۆیان دەچنە ژێرباری ئەو دەسەڵاتە نابێت سزابدرێن، تەنیا لەبەر ئەوەی ناچار بە مانەوە بووە”.

شەیما حەیالی كە ماوەی دوو هەفتەیە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە وەك وەزیری پەروەردە پەسندكراوە، دەشڵێت “بەهەمووان رادەگەیێنم دەستلەكاركێشانەوەی خۆم لەبەردەست عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیران دادەنێم، هەر كاتێك سەلماندی پەیوەندییم بە تیرۆرەوە هەبووە با دەستبەجێ واژۆی بكات، لەبەرامبەر خودا و گەلیش دووپاتیدەكەمەوە هیچ پەیوەندییەكەم بە تیرۆرو ئەو تاوانبارانەوە نییە كە دەستیان بە خوێنی عێراقییەكان سوور بووە”.

لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە كە لەیس حەیالی، برای شەیما حەیالی لەسەردەمی دەسەڵاتی داعش لە موسڵ لە 2014 بۆ 2017 فەرماندەیەكی دیاری داعش بووە. مەشعان جبووری، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە فەیسبووك نووسیویەتی “لەیس حەیالی یەكێك بوو لە دیارترین فەرماندەكانی داعش لە موسڵ”.

Back to top button