بەرپرسی لقی سێی پارتی: بارەگای ئاسایشی كەركووك لە لایەن حەشدی شەعبیەوە چۆلنەكراوە
دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و چەند میدیایەكی عێراقی بڵاوكرایەوە كە حەشدی شەعبی لە چەند ناوچەیەكی كەركووك و بارەگاكانی پارتی و ئاسایشی كەركووك كشاوەتەوە، لێپرسراوی لقی سێی پارتی لە كەركووك رایگەیاند بارەگای ئاسایشی كەركووك – پارتی، چۆڵنەكراوە.
محەممەد خورشید، لێپرسراوی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاندووە “بارەگای ئاسایشی كەركووك – پارتی چۆڵنەكراوە، بەڵكو تەنیا جێگۆڕكێ بەو هێزانە كراوە كە تێیدابوون و دوای چۆڵكردنی دووبارە هێز چووتەوە نێوی”.
لێپرسراوی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان، باسی لەوە كرد “تاوەكو ئیستا هیچ رێككەوتنێكی نوێ لەبارەی كەركووك و رادەستكردنەوەی بارەگاكانمان نییە”.
لەدوای رووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017ـوە بارەگاكانی پارتی لە كەركووك لە لایەن سوپای عێراق و حەشدی شەعبیەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، پارتیش كەركووك بە داگیركراو دەزانێت و دەڵێت تاوەكو باردۆخ ئاسایی نەكرێتەوە، ناگەڕێتەوە شارەكە.