مووچەی ٢٢ ھەزار زیندانیی سیاسی لە بەغداوە خەرج دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی زیندانیانی سیاسی ڕوونی دەکاتەوە، كە مووچەی زیندانیانی سیاسیی ھەرێمی کوردستان دەخرێتە سەر دەزگای شەھیدی عێراق و ھەموو قۆناغەکان کۆتایییان ھاتوون و پێشبینی دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا مووچەکە لە بەغداوە بگاتە ھەرێمی کوردستان.

ئەحمەد مام ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی زیندانیانی سیاسی، ڕایگەیاند: “ھەموو کاروبارەکانی لیستی زیندانیانی سیاسی، کە ١٦ لیستە، بەرەو کۆتایی دەچێت و لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان خەریکی ئەوەین لە بەغداوە مووچە بۆ زیندانیانی سیاسی ھەرێمی کوردستان دابین بکرێت و بڕیارە سبەی، ڕۆژی سێشەممە، لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دیسان کۆبوونەوەیەکی دیکە لەبارەی ئەو بابەتەوە بکەین، تا پەلە بکرێت لە گواستنەوەی ناوی زیندانیانی سیاسی بۆ سەر حکوومەتی فیدڕاڵ.”

بەڕێوەبەری گشتیی زیندانیانی سیاسیی وەزارەتی کاروباری شەھیدان دەڵێت: “ناوی زیاتر لە ٢٢ ھەزار زیندانیی سیاسی ڕەوانەی بەغدا کراوە و کاروباری دادگا و ھەموو قۆناغە یاسایییەکانی بڕیوە، چاوەڕێ دەکەین لە ئایندەیەکی نزیکدا مووچەی سەرجەم زیندانیانی سیاسی لە بەغداوە بگاتە ھەرێمی کوردستان و بێگومان مووچەکە لەوەی پێشوو زیاتریش دەکرێت.”

ئەحمەد مام ڕەسووڵ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “بەپێی دەستووری ھەمیشەییی عێراق مافی ھەرێمی کوردستانە مووچەی زیندانیانی سیاسی لە لایەن بەغداوە خەرج بکرێت و لەو بارەیەوە ڕێککەوتن کراوە، ئێمەش وەک ھەرێمی کوردستان ھەموو ڕێوشوێنە یاسایییەکانمان جێبەجێ کردووە، تەنیا پێویستی بە بەدوداداچوونی زیاتر ھەیە لە لایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە.”

 

KDP INFO

Back to top button