شاخەوان عەبدوڵا زانیاری گرنگی لەسەر دیاركردنی پارێزگاری كەركووك ئاشكرا دەكات

ئەندامێكی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زانیاری نوێ لەبارەی دۆخی كەركووك و هەنگاوەكانی ئاسایی كردنەوەی دۆخی تەناهیی شارەكە دەدركێنێت و و ئاشكرای ده‌كات: تا ئەو هێزە لە شارەكەن نەڕۆنە دەرەوە و ئەنجوومەنی پارێزگا كۆ نەبێتەوە، ئەستەمە پارێزگار هەڵبژێردرێت.

شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی رایگەیاند، پرسی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركووك سپێردراوە بەو لیژنانەی بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخی شارەكە پێكهاتوون، چونكە تا مەلەفی سەربازی و تەناهی كۆتایی نێت گفتوگۆ لەسەر پرسی پارێزگاری كەركووك ناكرێت، دیاركردنی پارێزگاری كەركووك دەكەوێتە دوای پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان، چونكە كەركووك پڕە لە هێزی سەربازی ئەمەیش وا دەكات ئەنجوومەنی پارێزگا نەگەڕێنەوە، پارێزگاریش كاتێك هەڵدەبژێردرێت كە ئەنجوومەنی پارێزگا بگەڕێتەوە.

بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵا، ئێستە هەرێم و بەغدا گفتوگۆیەكی باشیان دەست پێ كردووە بۆ ئەوەی دۆخی تەناهی شاری كەركووك بە خەڵكی شارەكە بسپێردرێت. ئەو دەڵێت، “دەبێت ئەو هێزە بێگانەیە لەوێ دەربچێت، بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا بگەڕێتەوە و پارێزگاری كەركووك هەڵبژێردرێت”.

كەركووك لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017ەوە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی داگیر كراوە لەو كاتەوە تا ئێستە دۆخی تەناهیی و كۆمەڵایەتی شارەكە تێكچووە و كەسێكی عەرەب سەپێنراوە وەك پارێزگار بەسەر شارەكەدا.

Back to top button