وەزارەتی ئەوقاف كردارە”تیرۆرست”ـیەكەی نیوزلەندا ئیدانەدەكات

وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە بەیاننامەیەکدا، ھێرشە چەکدارییەکەی وڵاتی نیوزلەندای ئیدانەکرد و ڕایگەیاند، تیرۆر ھەڕەشەیەکی جیھانییە و ھیچ وڵاتێکیش پارێزراوی ھەڕەشەی تیرۆریزم نییە.

ئەمڕۆ هەینی (١٥ی ئازاری ٢٠١٩) وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، “ئەو ھێرشە چەکدارییەی کرایە سەر دوو مزگەوتی وڵاتی نیوزلەندا و تێیدا دەیان موسوڵمان و نوێژخوێن لەناو حەرەمی مزگەوت شەھید و برینداربوون، ئەم ڕووداوە ئەوە دووپاتدەکاتەوە کە تیرۆر ھەڕەشەیەکی جیھانییە و ھیچ وڵاتێکیش پارێزراوی ھەڕەشەی تیرۆرزم نییە.”

ئاماژەی بەوەش کرد، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پرۆسەیەکی نێودەوڵەتییە و دەبێت لەسەر ئاستی جیھان کار لەسەر بنبڕکردنی بیری توندتیژی بکرێت.

وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ڕاشیگەیاند، “ئێمە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی به توندى ئیدانەی ئەم کردەوە ناخ ھەژێنە دەکەین، کە بە ناڕەوایی ھاووڵاتییانی موسڵمانی وڵاتی نیوزلەنداى کردە ئامانج.”

ئەمڕۆ هەینی لە ڕووداوێکى هێرش و تەقەکردندا بۆ سەر دوو مزگەوت لە نیوزلەندا، کە سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بە “تیرۆریستی” ناویبرد، زیاتر لە ٤٩ کەس لەناو هەردوو مزگەوتەکەدا شەهیدبوون و دەیانی تریش برینداربوون.

Back to top button