نێچیرڤان بارزانی رای كەمینەی ناو گۆڕان بێ منەت دەكات
خواكوڕك
لەدوای ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە رێگای ئارام شێخ موحەمەد نوێنەری یەكەمی حزبەكەیان داوایان لە بەغدا كرد كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ مامەلە لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێم بكەن بە بێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان, وتەبێژی حكومەتی عێراق ئەم پڕۆژە پێشنیارەی گۆڕانی رەد كردەوەو بە بابەتێكی نا دەستوری نابرد.
لەو بارەیەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێم تایبەت ( رووداو)ی راگەیاند” ” مومكینە هێزێكی سیاسی هەبێت بیەوێت ئەوە بكات، ئەگەر ئەو هێزە سیاسییە دەیەوێت ئەوە بكات ئێمە هیچ موشكیلەمان نییە با بیكەن”.
لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا سەرۆك وەزیران دەڵێت” “ئەم دۆخەی هەرێمی كوردستان هەیەتی لەدوای ساڵی 2003، لە ئەنجامی گفتوگۆیەكی دوورودرێژی هێزە سیاسییەكانی كوردستان لەگەڵ بەغدا ئەم چوارچێوەیە بۆ هەرێمی كوردستان دروستكراوە، وەكو هەرێمێك لەڕووی دەستووری و یاساییەوە، پێموایە زەحمەت دەبێت بۆ ئەوەی بەغدا بتوانێت راستەوخۆ لەگەڵ پارێزگایەك دانوستاندن بكات یان قسە بكات، تەسەوریش ناكەم ئەوەی ئێستا باسی لێوە دەكرێت رەئی هەموو خەڵكی سلێمانی بێت، مومكینە هێزێكی سیاسی هەبێت بیەوێت ئەوە بكات، ئەگەر ئەو هێزە سیاسییە دەیەوێت ئەوە بكات ئێمە هیچ موشكیلەمان نییە با بیكەن”
نێچیرڤان بارزانی دەشلێت” ئەمە بابەتێكی دەستوورییە، لەڕووی دەستوورییەوە وەكو خستمەڕوو هەرێمی كوردستان پێكهاتووە لەو چەند پارێزگایەی كە ئێستا هەیە، بۆیە روویەكی دەستووری و قانوونی هەیە، ئایا دەكرێت یان ناكرێت، مومكینە بابەتەكە قانوونی بێت، بەڵام لە راستیدا ئەوەی كە ئێستا لە سلێمانی باس دەكرێت و داوا دەكرێت بەڕای ئێمە ئەوە رای هەموو خەڵكی سلێمانی و هەموو هێزێكی سیاسیش نییە، بەڵكو رایەكی كەمی نێو هێزێكی سیاسی بێت”.
لە وەڵامی پرسیاری ئایا ئەم هەوڵەی گۆڕان مەترسی نیە بۆسەر دابەش بوونی هەرێمی كوردستان؟، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: “بە دڵنیاییەوە هیچ مەترسییەكی لەسەر نییە ، چونكە رەنگە ئەمە رایەك بێت لەناو هێزێكی سیاسی، واتە هەموو هێزە سیاسییەكەش بەتەواوەتی تەئیدی ئەو بیروبۆچوونە ناكات، واشی بۆناچم هیچ كێشەیەك و زەرەرێكی بۆ هەرێمی كوردستان هەبێت، ئەوە رای خۆیانەو ئەگەر بۆیان دەچێتە سەر با بفەرموون بیكەن”.